ڤیدیۆ؛ ئایا سەڵاح لە رقی کڵۆپ روو لە گەرمەسێری سعودیە دەکات؟

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ یەکەم دەرکەوتنەوە لە وەرزی نوێی خولی پرێمەرلیگدا، بڵێسەی هەڵایسانی ناکۆکی لە نێوان محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی لیڤەرپوول و یۆرگن کلۆپی راهێنەری ئەو تیپەدا هەڵایسا.. لیڤەرپوول بەرامبەر چێڵسی یارییکرد.. سەڵاح یارییەکی باشی دەکرد، لە خولەکی هەژدەدا ئەسیستێکی بۆ لویس دیاز کرد و لیڤەرپوول گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
 
سەڵاح بەدوای ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی و سەروەرییەکی دیکە لە پرێمەرلیگدا دەگەڕا.. سەڵاح دەبوو گۆڵێکی دیکە تۆمار بکات بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تۆماری ناوازەی خۆی بکات بۆ حەوتەم وەرزی لەسەریەک بە تۆمارکردنی گۆڵ لە یاریی یەکەمی وەرز لەگەڵ یانەکەی.. سەڵآح پێشتر هەشت گۆڵی لە گەڕی کردنەوەی خولەکەدا بۆ لیڤەرپوول تۆمارکردووە و چاوی لە گۆڵی نۆیەم بوو.
 
لەو کاتەدا کە سەڵاح ویستی زۆری بۆ تۆمارکردنی گۆڵ هەبوو، یۆرگن کلۆپ گۆڕانکاریی بەسەڵاح کرد و رێگەی نەدا بگاتە تۆمارکردنی ژمارە مێژووییەکەی.. ئەوە ئەستێرە میسرییەکەی تووڕەکرد کە بە نیگەرانییەوە لە یاریگە چووە دەرەوە بەبێئەوەی وەک هەمیشە، سڵاوێک لە راهێنەرەکەی بکات.
 
ئەمە ئەو ئاماژەیە بوو کە پێشانیدا ئەوەی ماوەیەکی زۆرە باسدەکرێت و دەگوترێ لەبارەی بوونی ناکۆکی لە نێوان سەڵاح و کڵۆپدا، بووەتە راستی.. هەر ئەم ئاماژەیە میدیاکانی ناچارکرد بەدوای دیوەی پشتەوەی رووداوەکاندا بگەڕێن و لە کۆتاییشدا بگەنە ئەوەی کە بڵێن، نیگەرانییەکە لە نێوان سەڵاح و راهێنەرەکەیدا گەیشتووەتە لووتکە و ئیدی ئێستا ساتی لێکترازانە.
 
سەڵاح ئەگەرچی پێشتر بەڕێوەبەری کارەکانی رایگەیاندووە ئەمساڵیش لەگەڵ لیڤەرپوول بەردەوام دەبێت، بەڵام لە دوای رووداوەکەی نێو یاریگەی ستامفۆرد بریجەوە، پێدەچێ هیچ گرێنیتییەک بۆ بەردەوامبوونی ئەو ئەستێرەیە لەگەڵ یانەکەی نەبێت.
 
ئەوەی زیاتر دۆخەکەی بەرەو هەڵچوون برد لە نێوان یۆرگن و محەممەدا، ئەو لێدوانانەی راهێنەرە ئەڵمانییەکە بوو لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا کە دووپاتیکردەوە سەڵاح سەدان ژمارەی پێوانەیی هەیە و ناتوانم لە کاتی گۆڕانکاریدا بیر لەوە بکەمەوە سەڵاح دەیەوێ چ ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار بکات.
 
بەرەی سەڵاح، پێدەچێ لە دوای رووداوەکەوە دزەیان بە هەندێک زانیاریی کردبێت لەبارەی نیگەرانییەکانی ئەو و چارەنووسیی ئەو یاریزانەوە... سەرچاوە عەرەبییەکان دەڵێن فیرعەون گڵۆپی سەوزی بۆ یانەی ئتیحادی سعودی هەڵکردووە تاوەکو هەنگاوەکانی گرێبەستکردن لەگەڵیدا، بکەنە هەنگاوی کردەنی.
 
ئیتیحادی سعودی، پێشتر ویستی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ سەڵاح ئاشکراکردبوو، بەڵام ئەو یاریزانە رەتیکردبووەوە ئەمساڵ بچێتە سعودیە.. بەڵام ئێستا کە لەگەڵ راهێنەرەکەیدا ناکۆکە، پێدەچێ رووداوەکە بەدڵخۆشبوونی ئتیتیحاد کۆتایی پێبێت و یانە سعودییەکە دەستبەجێ دەستەوارەی 80 ملیۆن پاوەند بۆ لیڤەرپوول و مووچەی 180 ملیۆن یۆرۆی بۆ دوو وەرز خستووەتە بەردەستی سەڵاح و یانەکەی.
 
ئایا سەڵاح دەبێتە ئەستێرەیەکی دیکە کە لە هاوینی ئەمساڵدا روو لە گەرمەسێری سعودیە دەکات؟ ئەمەیان وەڵامەکەی دیار نییە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، سەڵاح بە نوێنەرانی ئیتیحادی گوتووە، من رازیم و ئێوەش بچن دانوستاندن لەگەڵ ئیتیحاد بکەن، تاوەکو هەموو شت یەکلا ببێتەوە.