رووداو دیجیتاڵ
نەیمار لە سعودیە دەبێت و سعودیەکان دەڵێن، لەسەر خاکی ئێمە ئەو ئەستێرەی هەست بەتەنیایی و غوربەت ناکات.
هیلالی سعودی هەموو شتێکی لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ نەیمار داسێلڤا تەواوکردووە. راگەیاندنی گرێبەستەکە لە ئانوساتدایە و گەیشتنی نەیماریش بەسعودیە زۆر نزیکە.. نەیمار دەبێتە ئەستێرەیەکی دیکەی جیهانی کە هاوینی ئەمساڵ چووە خولی سعودیە و ئەو یاریزانە بەرازیلییە جارێکی دیکە لەگەڵ چەندین یاریزانی بەرازیلی و هاوڕێی پێشتری خۆیدا کۆدەبێتەوە.
لە یانەی هیلال، نەیمار لەگەڵ مالکۆمی هاونیشتمانییدا بەیەکدەگاتەوە کە پێشتر پێکەوە ماوەیەک لە کەمپی هەڵبژاردەی بەرازیل بوون. مالکۆم ساڵی 2019 لە لیستی یاریزانانی بانگهێشتکراو بۆ ریزەکانی سیلساودا بوو. ئەو یاریزانە کە یەکەم هاتریکی خۆی بۆ یانەی هیلال لە خولی رۆشەن تۆمارکرد، وەکخۆی رایگەیاندووە بەتاسەوە چاوەڕێی گەیشتنی نەیمار و پۆشینی درێسی ژمارە 10 و دەرکەوتنی دەکات.
لە دراوسێکەی هیلالدا کە نەسڕە، هەریەکە لە ئاندرسۆن تالیسکا و ئەلێکس تێلیس، ئەو دوو بەرازیلییە دەبن کە جارێکی دیکە بە بینینەوەی نەیمار دەگەنەوە.. تالیسکا ساڵی 2014 بەشداریی لە کەمپی هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ یاریی دۆستانە بەرامبەر تورکیا و نەمسا کردووە. تالیکسا گەرچی لە یارییەکاندا بەشداریی نەکرد، بەڵام یەکێکبوو لەوانەی لە مەشقەکاندا لەگەڵ نەیماردا دەرکەوت.
هەرچی تێلێسە پێشتر لەگەڵ نەیماردا بەشداریی لە چوار یاریی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا کردووە، هەروەها یەکێکبوو لە یاریزانە بانگهێشتکراوەکان بۆ ئامادەسازییەکانی مۆندیالی قەتەر.
ئەگەر نەیمار روو بەئاراستەی رۆژئاوای سعودیە بگێڕێت، لەوێ دەبینێ سعودیە بووەتە خاکی نوێی ئەستێرە بەرازیلییەکان، دیارترین هاوڕێی نەیمار لەوێ، رۆبێرتۆ فیرمینیۆیە کە پێکەوە بەشدارییان لە 35 یاریی سیلیساودا کردووە. فیرمینیۆ ئێستا یاریزانی ئەهلیی سعودییە.
هەر لە ئەهلی، رۆجێر ئیبانێز بەرازیلییەکی دیکەی نێو پێکهاتەی یانەکەیە کە لە ماوەی رابردوودا لە رۆمای ئیتاڵییەوە هاتووە.. ئیبانێز لە یاریی دۆستانەی بەرازیل بەرامبەر تونس بەر لە مۆندیالی قەتەر بەشداربوو و لە یاریی دۆستانەی گاناشدا لەسەر کورسیی یەدەگبوو.
هەر لە یانەی ئیتیحاد، نەیمار ئاشنایەتی لەگەڵ مارسیلۆ گرۆی گۆڵپارێزدا هەیە کە بەشداریی لە دوو یاریی هەڵبژاردەی بەرازیلدا کردووە لە 2015. هەرچی فابینیۆی هاتوو لە لیڤەرپوولە، پێشتر 17 یاریی لەگەڵ نەیمار بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل ئەنجامداوە.
جیا لە یاریزانە بەرازیلییەکان، نەیمار لەگەڵ کریستیان تیۆی یاریزانی پێشووی بارسێلۆنادا بەیەکدەگاتەوە کە پێشتر یانزە یارییان پێکەوە بەدرێسی بلوگراناوە ئەنجامداوە و ئێستا لە یانەی فەتح یارییدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ