ڤیدیۆ؛ سعودییەکان تا دێت هاوینی تۆپی پێ لە دونیادا گەرم و گەرمتر دەکەن

15-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نەیمار
نەیمار
نیشانەکردن نەیمار داسیلڤا یانەی هیلالی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دونیا چاوەڕێیە وەرزێکی گەرم و تاقەتپڕووکێنی پڕ لە رووداو بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە تێپەڕێنێت و بگاتە کەشێکی فێنک.. کەچی سعودییەکان پەیتا پەیتا دۆخی تۆپی پێ لە دونیادا گەرم و گەرمتر دەکەن.
 
لە کاتێکدا جیهان دەیەوێت هاوینێکی دیکەی گەرم کۆتایی بێت، هاوینێک کە تێیدا سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بەجیهان دەڵێن، سەردەمی قەتیسمانی گەرما تێپەڕی و ئێستا سەردەمی گڕگرتنی زەوییە.. سعودییەکان دەیانەوێت و هیواخوازن رۆژەکانی ئەو هاوینە گەرمە کە مرۆڤایەتی بێزارکردووە، درێژ و درێژتر ببێتەوە، چونکە ئەوان کارێکی دیکەیان بە مانگەکانی هاوین هەیە.. کاری گواستنەوەی یاریزانان.
 
سعودیەکان لە پلانەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئەستێرەکان، کۆکردنەوەیان، بەڕێکردنیان بۆ سعودیە و دەرکەوتنیان لەسەر خاکی وڵاتەکەیان درێژە پێدەدەن.. کاروانی سعودییەکان بۆ چنینەوەی ئەستێرەکانی تۆپی پێ لە ئەوروپا بە کەریم بنزیما دەستیپێکرد و پێدەچێ وا بەئاسانی کۆتایی نایەت.. نەیمار داسێلڤا کە دەکرێ ئێستاش بەباشترین سێیەم یاریزانی جیهان لە دوای رۆناڵدۆ و مێسییەوە ناوببرێت، سەرقاڵی پێچانەوەی جانتاکانی و رووکردنە سعودیەیە.
 
ئەوە هەر تەنیا نەیمار نییە کە دەبێتە ئامانجێکی دیکەی بەدیهێنراوی سعودییەکان. بەڵکو ئەو پلانەی حکومەتی ئەو وڵاتە دایناوە و هەرزوو کردیە پراکتیک، چەندین ئەستێرە و یاریزانی دیکەش لە ریزدا دەهێڵێتەوە بەئومێدی ئەوەی روو لەو وڵاتە بکەن.
 
سعودییەکان ئێستا دەنگۆکان و باسوخواسی گواستنەوە لەسەر محەمەد سەڵاح گەرمدەکەن.. لە کاتێکدا هێشتا قسەوباسیش لەسەر میریح دەمیراڵی بەرگریکەر و چەندین یاریزانی دیکەش لە ئارادان.
 
ئامانج تەنیا یاریزانەکان نین.. ئامانج تەنیا ئەو ئەستێرانەش نین کە هێشتا لەسەر یاریگەکاندا دەدرەوشێنەوە، بەڵکو ئامانج لەوە گەورەترە و هەموو گەورە و دەرکەوتوویەکی نێو دونیای تۆپی پێ، ئامانجی سعودییەکانە و راهێنەران پشکی شێریان بەردەکەوێت.
 
ئەگەر چوونی بنزیما بۆ سعودیە بەبیانووی ئەوە بووبێت کە تەمەنی گەورە بووە و چوونی نەیمار بەبیانووی ئەوەبێت کە پاریس سانجێرمان دەیەوێت بەڕێی بکات، پڕۆژەی سعودیەکان بۆ بردنی راهێنەران لەو بیانووانە دوورە، بەڵکو ئامانج و ویست لێیان، کۆکردنەوەی باشترینەکانە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، لەناکاو و بێ پێشینە، رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و براوەی یۆرۆی 2020 لەگەڵ ئازۆری، دەستی لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە کێشایەوە لە کاتێکدا سەرقاڵە بە گەیشتن و بەشداریکردن لە یۆرۆی داهاتوو.. دەستلەکارکێشانەوەی مانچینی، گەرچی کۆمەڵێک بیانووی لە پشتەوەیە، بەڵام پاڵنەرە سەرەکییەکە ئەمجارەش هەر سعودیەیە و سعودییەکان ئەو راهێنەرەیان رازیکردووە بەوەی واز لە خەونی بردنەوەی یۆرۆیەکی دیکە بۆ وڵاتەکەی بهێنێت و لەگەڵ هەڵبژاردەکەی ئەواندا، بەدووی خەونی بردنەوەی جامی ئاسیای 2023 بکەوێت کە سەرەتای ساڵی داهاتوو قەتەر میوانداریی دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە