ڤیدیۆ؛ ئیدی ئەرکی مێسی قورسە

رووداو دیجیتاڵ

 

راستە مێسی و هەردوو هاوڕێکەی، بۆسکێس و ئەلبا یانەی ئینتەرمەیامییان لە تیپێکی چەوساوە گۆڕیوە بۆ هێزێکی ترسێنەر و توانیویانە بگەنە قۆناخی پێشکۆتایی جامی خولەکان، بەڵام ئەمجارە دەبێت لە تاقیکردنەوە راستەقینەکە دەربچن بۆ ئەوەی بتوانن لە خەونەکەیان بەردەوام بن.
 
بەرەبەیانی سبەی ئینتەرمەیامی بەرامبەر فیلادلفیا یونیون لەسەر یاریگەی سوبارۆ پارک یاری دەکات لەپێناو بەدەستهێنانی بلیتێکی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، کە بێگومان ئەمجارە ئەرکی مێسی و هاوڕێکانی ئەوەندە ئاسان نابێت، چونکە بەرامبەر تیپێکی هەرە بەهێزی ئەمریکا یاری دەکەن.
 
تاتا و یاریزانەکانی بە باشی دەزانن کە ئەم یارییە قورسترین ئاڵنگارییە بۆ خۆیان، بەتایبەتی کە رکابەرەکەیان لەسەر یاریگەی خۆیان یاری دەکات، ئەوان دەزانن کە فێلادلفیا دووەمی وەرزی رابردووی خولی ئەمریکا بوو، یاریی کۆتایی بە زەحمەت دۆڕاند، ئەوان ئێستاش بەسەرکردایەتی راهێنەرەکەیان جیم کارتن سێیەمی ریزبەندیی گشتیی خولی ئەمریکان، کە لە سەرەتای وەرزی 2020ـەوە تەنیا چوار یاری خولەکەیان دۆڕاندووە.
 
هەر بۆیەش تاتا مارتینۆی راهێنەری ئینتەرمەیامی بەرامبەر رۆژنامەڤانان دانی بەوەدا نا کە رکابەرەکەیان ئەمجارە تیپێکی جیاوازە و ناچار دەبن یارییەکی داخراویان لەگەڵ بکەن.
 
فێلادلفیا خاوەن بەرگرییەکی بەهێزە، گوشاری زۆریش لەسەر تیپی بەرامبەر دروست دەکات، لە هێرشبردن زۆر خێرایە، بۆیە تاتا بە بوونی مێسی و بۆسکێس و ئەلباش ناچار دەبێت پابەندبێت بە پلانی بەرگری لەگەڵ هەوڵدان بۆ پاسی زۆر و کۆنترۆلکردنی تۆپ.
 
هەر چۆنێک بێت ئەرکی مێسی و هاوڕیکانی زۆر زەحمەتە، مەگەر باشترین یاریزانی جیهان وەک یارییەکەی دالاس شتێکی جیاواز بکات و جارێکی دیکە جیاوازی دروست بکات و یانەکەی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بگەینێتە یارییەکی کۆتایی، کە بێگومان بە بوونی لیۆ ئەو ئامانجە مەحاڵ نییە و بە شایەتی چاودێران ئینتەرمەیامی ئێستا تیپێکی زۆر جیاوازە، رکابەرە و دەتوانێت گۆڵ بکات و گۆڵەکەیشی بپارێزێت.
 
ئەوەی زیاتر هیوای بە هاوڕێکانی لیۆ و هاندەرانی ئینتەرمەیامی داوەتەوە، ئەوەیە کە مێسی مەترسی یاری نەکردنی لەسەر نەماوە، چونکە پێکانێکی سووکی هەبوو، ئەگەرێک هەبوو بەشداری لەم یارییە گرنگەدا نەکات، بەڵام تاتا هەواڵە خۆشەکەی راگەیاند و مێسیی سەد لە سەد ئامادەیە بۆ ئەم ئاڵنگارییە زەحمەتە.