خانمانی ئیسپانیا مێژوویان تۆمارکرد و گەیشتنە یاریی کۆتایی مۆندیال

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئیسپانیا سەرکەوتنێکی مێژوویی بەرامبەر هەڵبژاردەی سوێد بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی مۆندیالی خانمان.
 
لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانیی خانماندا، ئیسپانیا و سوێد پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ رووبەڕووی یەکبوونەوە، نیوەی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 81 سالمی پارالویلۆ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ لارۆخا تۆمارکرد، بەڵام دوای تەنیا 7 خولەک ریبیکا بلومک ڤێست ئەنجامەکەی بۆ سوێد یەکسانکردەوە.
 
خولەکێک دوای گۆڵەکەی سوێد، ئۆلگا گۆڵێکی مێژوویی بۆ ئیسپانیا تۆمارکرد و لارۆخا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیال.
 
رۆژی یەکشەممەی داهاتوو خانمانی ئیسپانیا لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر براوەی یاریی نێوان ئوسترالیا و کۆڵۆمبیا یارییدەکەن.
 
ئیسپانیا یەکێک لە هەڵبژاردە بەهێزەکانی پاڵەوانێتییەکە بووە و بەربژێرێکی سەرەکی بووە بۆ بردنەوەی نازناوی جامی جیهانیی خانمان، کە ئەمساڵ رکابەرییەکانی لە ئوسترالیا و نیوزیلەندا دەکرێن و تەنیا دوو یاریی ماوە رکابەرییەکانی کۆتاییبێن.
 
ئیسپانیا سێ جار بەشداریی لە مۆندیالی خانماندا کردووە، ئەمە جاری یەکەمە دەگاتە یاریی کۆتایی و دەیەوێت یەکەم نازناوی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە.