ماسیمیلیانۆ ئالێگری دان بە راستییە تاڵەکەدا دەنێت

رووداو دیجیتاڵ

 

ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، دووپاتیکردوە کە پێویستە لەسەر یاریزانەکانی وەرزی نوێی خۆیان بە یارییەکی گەورە دەستپێبکەن. گوتیشی "پێموایە ئینتەرمیلان و میلان هەنگاوێكی گەورە لەپێش یانەكانی دیکەوەن".
 
ئەمشەو لە یەکەم یاریی خۆیدا لە وەرزی نوێی سێریا ئەیدا، یانەی یوڤێنتوس لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی ساسۆلۆ دەکات، کە یارییەکە کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دووپاتیکردەوە کە پێویستە یاریزانەکانی بە باشی یاری بکەن. چونکە لە دۆخێکی باشدا نین.
 
راهێنەری ئیتاڵی، یانەی خانمە پیرەکە، گوتی "دەبێت لەسەرەتای ئەم وەرزەدا یارییەكی گەورە ئەنجام بدەین، ئێمە لە باشترین دۆخدا نین، بەڵام هەوڵدەدەین وەك یەك گرووپ یاریبكەین، یەكەم یاری لەسەر یاریگەکەمان دەبێت و جەماوەرێكی زۆر پشتگیریمان دەکات، دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ بردنەوە".
 
ئەو راشکاوانە دانی بە راستییەکیشدا هێنا، کە بێگومان بۆ هاندەرانی یوڤێ تاڵە و گوتی "پێموایە ئینتەرمیلان و میلان هەنگاوێكی گەورە لەپێش یانەكانی دیکەوەن، سەبارەت بە رۆماش بە پەرۆشییەكی زۆرەوە چاوەڕێی دەركەوتنیان دەكەم، چونكە کارگێڕیی و راهێنەری یانەكە مێرکاتۆیەکی باشیان کردووە و لە هەر هێڵێکدا پێویستییان هەبووبێت یاریزانیان بۆ هێناوە".
 
ئالێگری، ئەوەشی بەبیری یاریزانەکانی هێنایەوە، کە نابێت پشت بە مێژوو ببەستن و گوتی "کەس بەخۆڕایی هیچ شتێکت پێ نادات، ئەوەی ساڵی رابردوو یان دوو ساڵ یان پەنجا ساڵ پێش ئێستا بەدەستهاتووە، خراوەتە مۆزەخانەی یوڤێنتۆس، ئەوانەی ئەو دەستکەوتانەیان بەدەستهێناوە ناویان لە مێژوودا دەمێنێتەوە، ئەوەی بۆ داهاتوو دەیکەین ئەوەیە کە ئێمە دەبێت لەنێو یاریگەدا بتوانین بەدەستیبهێنین".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، ماسیمیلیانۆ گوتیشی "هەموومان لەژێر گوشارداین، راهێنەر و یاریزانەکان بەهەمانشێوە، دەبێت یارییەکان ببەینەوە و دەبێت بە ئارەزوو، و جۆش و خرۆشەوە کار بکەین".