کلۆپ پەسنی سەڵاح و نونێز دەدات

15-08-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یۆرگن کڵۆپ کریستاڵ پالاس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یۆرگن کلۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، داوا لە یاریزانەکانی دەکات بەرامبەر کریستاڵ پالاس یارییەکی باش بکەن، دەشڵێت "نابێت بە هیچ شێوەیەک بڵێین بە ئاسوودەیی یاری دەکەین".
 
ئەمشەو لە دوایاریی گەڕی دووەمی پرێمەرلیگدا، یانەی لیڤەرپوول لەسەر یاریگەی ئانفێڵد میوانداری یانەی کریستاڵ پالاس دەکات، کە یارییەکە کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
یۆرگن کلۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دووپاتیکردەوە کە ئەنجامدانی یارییەکە لە شەودا بۆ یاریزانانی هەردوولا زۆر گونجاوترە.
 
ئەو گوتی "بەڵێ پلەکانی گەرما لە شەودا نزمترن و بۆ یاریزانەکان خۆشترە، بەڵام بۆ کریستاڵ پالاسیش هەمان شتە، کەواتە لە شەودا یاری بکەیت باشترە لە هەر کاتێکی دیکە، بەڵام بۆ کریستاڵ پالاسیش، هەمان شتە، بێگومان ئەمە بۆ یاریزانان زۆر گونجاوترە، بەڵام  نابێت بە هیچ شێوەیەک بڵێین یارییەکی ئاسوودە دەکەین، بەڕاستی دەبێت یارییەکی خێرا بێت".
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکەی یانەی رێدز، باسی هێرشبەرانیشی کرد و گوتی "بە دڵنیاییەوە هاوبەشییەکی گەورە لەنێوان داروین نونێز و محەممەد سەڵاحدا هەیە لە هێڵی پێشەوەماندا". 
 
ئەو زیاتر لەبارەی هێرشبەرانی یانەکەیەوە گوتی "ئەوان دوو یاریزانن کە بڕیاریانداوە گۆڵ تۆماربکەن و لە شوێنە گرنگەکانی یاریگەدا بن. مەبەستم لە پشت هێڵەکەوە، هێڵەکە لە هەر شوێنێک بێت، زۆر بەسوودە. سەڵاح بەڕاستی لە ساتێکی باشدایە و پێدەچێت داروین نونێز سەقامگیریی خۆی بەدەستبهێنێت. لویس دیاز لە یاریی رابردوودا گۆڵێکی لەدەستدا، ئێمە پێمان خۆشە گۆڵ تۆمار بکات، ئەوە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ ئەو".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە