هازارد چیدی لە پێکانەکان ناترسێت

رووداو دیجیتاڵ

ئێدین هازارد، یاریزانی بەلجیکیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دڵخۆشیی خۆی بە دەستپێکردنی وەرزی نوێ لەگەڵ یانەکەی نیشاندا و گوتی "چیدی بیر لە پێکان ناکەمەوە".

هازارد کە لەوەتەی پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە کردووە، بەردەوام تووشی پێکان دەبێت، ئەمجارە هیوای زۆرە لەو بەڵایە رزگاری بێت.

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری نوێی ریال مەدرید لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی لالیگادا، بەشێوەی سەرەکی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش یاری بە هازارد کرد و ماوەی 65 خولەک بە توانایەکی جەستەیی باش یاریکرد.

دوای یارییەکە، کە ریال مەدرید بە ئاستێکی بەرزەوە و بە 4 - 1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئێدین هازارد دڵخۆشیی خۆی بە بەشداریکردنی نیشاندا و گوتی "زۆر دڵخۆشم بە بەشداریکردنم لەم یارییەدا، حەزدەکەم بە بەردەوامی یاری بکەم و یارمەتی تیپەکەم بدەم بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن و نازناوەکان".

ئەو سەبارەت بە سەرکەوتنی یەکەمیان، گوتی "ئەمە سەرکەوتنێکی گرنگ بوو بۆ ئێمە لە سەرەتای وەرزدا، زۆر پێویستە لە یەکەم هەنگاودا متمانە بەدەستبێنین، بۆ ئەوەی کاروانەکەمان بە سەرکەوتوویی بەردەوامی پێبدەین". 

ئەستێرەی بەلجیکی، لە کۆتایی قسەکانیدا باسی ترسی لە پێکانەکان کرد، کە زۆرجار دوریانخستووەتەوە و گوتی "ئێستا بە هیچ شێوەیەک بیر لە پێکانەکان ناکەمەوە، من لە دۆخێکی باشدام و زۆر بە پەرۆشم بۆ ئەنجامدانی یارییەکان".

لە دوو وەرزی رابردوودا، ئێدین هازاردی تەمەن 30 ساڵ 44 یاری بۆ ریال مەدرید کردووە، کە بەهۆی زۆر تووشبوونی بە پێکان لە وەرزی یەکەمدا بەشداری لە 22 یاری و لە وەرزی دووەمدا بەشداری لە 21 یارییدا کردووە، تاوەکو ئێستا تەنیا 5 گۆڵی تۆمارکردووە و 8 ئاسیستی هەیە.