ئەمشەو کامپ نو بیری لیۆنێل مێسی دەکات

15-08-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لالیگا بارسێلۆنا
A+ A-

روودوا دیجیتاڵ

بە ئامادەبوونی 22 هەزار هاندەر، بارسێلۆنا لەسەر کامپ نو دەست بە وەرزی نوێی دەکات، بەبێ ئەو یاریزانەی هەمووان دەیانویست هەمیشە لەبارچاویان بێت و چێژ لە سیحرەکانی وەربگرن، ئەو ئەفسانەیەی هەموو کەتەلۆنیا بە رۆیشتنی تووشی شۆک بووە، ئەو لیۆنێل مێسییە، کە ئیدی کامپ نو بیری دەکات، بەڵام پێویستیشە لەمڕۆوە بارسێلۆنا یەکەم هەنگاو بەرەو قۆناخی دوای مێسی دەستپێبکات.

بارسا لە یەکەم یاریی خۆی لە لالیگادا میوانداری ریال سۆسیداد دەکات، کە ئێستا لەو شارە تەنیا یەک پرس و یەک پرسیار هەیە، پرسەکە لیۆنێل مێسییە و پرسیارەکەش هەر پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئایا رۆناڵد کۆمانی راهێنەر بەبێ مێسی سەرکەوتوو دەبێت؟ دەتوانێت شوێنگرەوەی لیۆ بدۆزێتەوە؟ کە بێگومان یارییەکەی ئەمڕۆ تاقیکردنەوەیەکی باشە بۆ گەڕان بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا.

بێگومان ئەرکی بارسا ئاسان نابێت، بەو پێیەی ریال سۆسیداد لە وەرزی رابردوودا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و هەمیشە بۆ یانە گەورەکان لە بۆسەدایە.

ئەمڕۆ کۆمان ناتوانێت سوود لە تواناکانی تیرشتیگنی گۆڵپارێزی وەربگرێت، کە هێشتا لە پێکانەکەی چاکنەبووتەوە، هەروەها پێناچێت یاری بە ئێریک گارسیاش بکات بەهۆی نائامادەیی لە رووی توانای جەستەییەوە، سێرجیۆ ئەگوێرۆ و عوسمان دێمبێلی و فاتیش لە ماڵەوە سەیری یارییەکە دەکەن، واتا لە نێو سەرجەم یاریزانە نوێیەکانیدا، کۆمان تەنیا دەتوانێت پشت بە مێمفێس دێپای ببەستێت، کە بێگومان هەمووان چاوەڕێن ئەو هۆڵەندییە لەگەڵ ئانتوان گریزمان دووانەیەکی بەهێز دروستبکەن و تۆڕی گۆڵی تیپەکانی بەرامبەریان بهەژێنن، بەتایبەتی کە گوشاری مێسییان لەسەر نەماوە و ئیدی هیچ یاریزانێکی بارسا ناتوانێت ئەوە بکاتە پاساو بۆ ئاستنزمیی خۆی.

بەر لەو یارییە ئاتلێتیکۆ مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردووش بە تاقیکردنەوەیەکی زەحمەت یەکەم هەنگاوی دەنێت لە ئەرکەکەیدا بۆ بەرگریکردن لە نازناوەکەی، کاتێک دەبێتە میوانی سێلتا ڤیگۆ لەسەر یاریگەی بالایدۆس لە شاری فیگۆ.

تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی ورەبەرزە بەوەی لە وەرزی رابردوودا گرەوەکەی لە ریال مەدرید و بارسێلۆنای بردووەتەوە، بەڵام ئەرکیشی ئاسان نابێت لەسەر ئەو یاریگەیەی کە هەمیشە تێیدا تووشی کێشە بووەتەوە، زێدەباری ئەوەی کە زۆر لە یاریزانانی سیمیۆنی لە رووی توانای جەستەییەوە ئامادەنین و تەنانەت هەندێکیان یەک خولەکیش بەشدارییان لە یارییە دۆستانە و ئامادەکارییەکانی ئەم وەرزەدا نەکردووە.

یارییەکانی ئەمڕۆ:

سێلتا ڤیگۆ - ئاتلێتیکۆ مەدرید 18:30
بارسێلۆنا - ریال سۆسیداد 21:00
لالیگا.. سێڤییا - رایۆ ڤاییکانۆ 23:15

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە