شێرکۆ کەریم نزیکە لە یانەی زەورا

رووداو دیجیتاڵ 

یانەی زەورا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی واژۆی شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق. 

دوای ئەوەی وەرزی رابردوو شێرکۆ کەریم ئاستێکی بەرزی لە خولی نایابی عێراق لەگەڵ یانەی هەولێر پیشاندا، لە سەرەتای کردنەوەی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی خولی عێراق، هەریەک لە یانەکانی زەورا و شورتە لەگەڵ جەویە لە رکابەریدا بوون بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەم یاریزانە کوردە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی شێرکۆ کەریم و یانەکانی بەغدا، بەڕێوەبەری کارەکانی ئەم یاریزانە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "یانەی هەولێر خواستی مانەوەی شێرکۆ کەریمی هەیە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی کە بۆیان داناوە بەدڵی ئەم یاریزانە نییە، هەربۆیە شێرکۆ نزیکبووەتەوە لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی زەورا".

ئێستا شێرکۆ کەریم وەک تاکە یاریزانی کورد لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق لە نێو کەمپێکی راهێناندایە لە وڵاتی ئیسپانیا، وەک ئامادەکاریی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی2022ـی قەتەر.

شێرکۆ کەریم لە 1996 لەدایکبووە، وەک یاریزانی پیشەگەر یاری بۆ یانەی کراسهۆبەرز زیوریخی سویسری کردووە، هەروەها لە عێراقیش یاری بۆ یانەکانی کەرکووک و شورتە کردووە، یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراقیش بووە. 

لە لایەکی دیکەوە دوێنێ ئیڤان خالید، یاریزانی یانەی هەولێر ریزەکانی یانەکەی جێهێشت و پەیوەندیکرد بە یانەی کارەبا، هەروەها یانەی شورتە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ رازیکردنی نیاز محەممەدی بەرگریکاری یانەی هەولێر.