کۆتینیۆ: چاوەڕێی ئەوە دۆڕانە گەورەیەی بارسێلۆنا نەبووم

15-08-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فیلیپی کۆتینیۆ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

فیلیپی کۆتینیۆ، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا کە بەشێوەی خواستن بۆ یانەی بایرن میونشن یارییدەکات، دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر سەرکەوتنی یانەکەی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ پێشاندا.

کۆتینیۆ دوای یارییەکە گوتی، بەباشی کاریکرد بۆ ئەوەی لە پێکانەکەی بگەڕێتەوە و لەگەڵ یانەکە بێت لە یارییەکەدا، بۆ ئەوەش زۆر دڵخۆشم، یارییەکە زۆر گرنگبوو و خۆشحاڵم بە گەیشتنمان بە قۆناخی پێشکۆتایی.

یاریزانە بەرازیلییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، من ئینتیمام بۆ بارسێلۆنا هەیە، بەڵام بەهەموو توانایەکەوە بەرگری لە درێسی بایرن دەکەم.

کۆتینیۆ زیاتر گوتی، چاوەڕواننەبوو یارییەکە بەو ئەنجامە گەورەیە کۆتاییبێت، سەرەرای ئەوەی زۆربوون ئەوانەی پێشبینی بردنەوەی بایرنیان دەکرد.

فیلیپی دەڵێت، یارییەکە زۆر نا ئاسایی بوو، بارسێلۆنا هەموو رۆژێک بە 8-2 نادۆڕێت، کەس پێشبینی ئەمەی نەکردبوو، بەڵام یاریزانەکان زۆربەباشی یارییانکرد.

ئەستێرە بەرازیلییەکە لەبارەی قۆناخی داهاتوو قسەیکرد و گوتی، قۆناخی داهاتوو زۆر قورسە، چونکە لە پاڵەوانێتییەکی گەورەین، یانەی بەهێز تێیدا بەشدارن، پێویستە لە رووی هزرییەوە باشبین و بەباشی کاربکەین، ئەگەر ئەوە نەکەین پاڵێوراو نابین بۆ بردنەوەی نازناوەکە.

کۆتینیۆ لە یارییەکەدا لە خولەکی 75ـەوە بەشدارییکرد، ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد دوو گۆڵی تۆمارکرد و ئاسیستێکی لە یارییەکەدا هەبوو.

لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، بایرن میونشن بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی و لیۆنی فەرەنسی یارییدەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە