بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024


رووداو دیجیتاڵ 

دێسکی وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو بە رووماڵێکی نموونەیی بووە براوەیەکی یۆرۆ 2024 و، هەروەها بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024. رووماڵی هەمەلایەنەی رووداو و بەخشینی 84 خەڵات لەلایەن رووداوەوە کەشێکی زۆر ناوازەی بە رووماڵی رووداو بەخشی. رووداو لە پاڵەوانێتیی یۆرۆی 2024 دا زیاتر لە رابردوو تێکەڵاوی لەگەڵ گەنجانی کوردستان و هەندەران دا دروستکرد. ئەو هەنگاوەی رووداو بۆ گەنجان لە بوارە جیاوازەکان دا بەردەوام دەبێت. 
 
بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ). 
  
هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتەکان بە بەکارهێنانی تەکنیکێکی تایبەت بوو کە یەکەم جار بوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەکاربهێندرێت. سیستمە تایبەتەکەی رووداو تێچێنەکانی وەردەگرت بە (بووتێکی زیرەک) و (ئەی پی ئای تایبەت) کە فەیسبووک داویەتی بە رووداو، کۆمێنتەکان هەڵاوێر دەکران و بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی براوەکان دیاری دەکران. ئەم سیستەمە لەلایەن بەشی سۆفتوێر دیڤلۆپمێنت ئامادەکرابوو. 
 
عەلی جاف، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو دەڵێت: "دڵخۆشین کە ژمارەیەک لە لاوان، کچان، ژنان و خێزانەکان سوودمەندبوون لە خەڵاتەکانی رووداو. هەروەها ملیۆنان کەس لە کوردستان و دەرەوە بە پێشبینی و تێچێنەکانیان بەشداریان کرد لە بەرنامەکان و سۆشیال میدیای رووداو دا. ئەمە هەنگاوێکی دیکەی گەورەی رووداو بوو، مژدەی هەنگاوی گەورەتریش دەدەینە گەنجان و بینەرانمان."
 
سوپاسی بەشداریی بەرفراوانی گەنجانی کوردستان دەکەین لەگەڵ بەرنامە و رووماڵەکانی رووداو دا، هیوای پشوویەکی هاوینەی پڕ لە ئاشتی و ئارامی و خۆشی بۆ هەمووان دەخوازین. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو
15ـی تەممووزی 2024