ئەمڕۆ خولی عێراقە و دهۆک ماڵئاوایی لە هاندەرانی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یارییەکانی گەڕی 37ـی خولی یانە نایابەکانی عێراق بەڕێوەدەچن، یانەی دهۆک دوایین یاریی لە یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات و دەیەوێت بە سێ خاڵ ماڵئاوایی لە هاندەرانی بکات.
 
لە سەرەتای یارییەکانی ئەمرۆی خولەکەدا، یانەی نەورۆز دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لە یاریگەی خۆیدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی هەولێری بردەوە، ئەمجارە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بەغدا دەبێتە میوانی تەڵەبە و یارییەکە کاژێر 18:00 لە یاریگەی شەعب بەڕێوەدەچێت.
 
یاریی نێوان هەردوو یانەی راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس بە کۆمێنتاریی عەبدولسەمەد خۆشناو دەگوازرێتەوە.
 
دوای ئەم یارییە و کاژێر 19:45 یانەی دهۆک بۆ دوایینجار لەم وەرزەدا لە یاریگەی خۆیدا یارییدەکات، کاتێک میوانداریی یانەی حدوود دەکات.
 
دهۆک لە 7 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و چوار یارییە لەسەریەک یەکساندەبێت، ئەمڕۆ یانەکە دەیەوێت هاندەرانی ئاشتبکاتەوە و بەبردنەوەی یارییەکە و سێ خاڵەوە ماڵئاوایی لە هاندەرانی بکات.
 
ئەم یارییەش راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس بە کۆمێنتاریی لاوین هابیل دەگوازرێتەوە.
 
کاژێر 22:00 یارییەکی سەرنجڕاکێش و بەهێز لە یاریگەی شەعب لە بەغدا، هەردوو یانەی قوە جەوییە و زاخۆ کۆدەکاتەوە، یارییەکە راستەوخۆ لەسەر پەیجی رووداو سپۆرتس لە فەیسبووک دەگوازرێتەوە.
 
زاخۆ لە یاریی یەکەمی ئەم وەرزەیدا بەرامبەر قوە جەوییە لە یاریگەی خۆیدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕابوو، دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە و قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە، بەڵام قوە جەوییە هیواییەکی کەمی بەبردنەوەی نازناوەکە ماوە و نایەوێت ئەو هیوایەی لەدەستبچێت.