چاڤی هۆشداری دەداتە بارسێلۆنا

رووداو هەولێر 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیسپانی، باس لەوە دەکات کە بابەتێک ترسی لای چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دروست کردووە، گوایە راهێنەری بارسا پێیوایە لە وەرزی نوێدا ئەو بابەتە هەڕەشە لە کاروانی بلاوگرانا دەکات.
 
بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، چاڤی نیگەرانە لەوەی ناچار بێت لە هەموو یارییەکاندا وەک تاکە هێرشبەر بۆ بارسا، تەنیا پشت بە رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی ببەستێت.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، راهێنەرەکەی بارسا نازانێت کەی دەتوانێت پشت بە ڤیتۆر رۆکی بەرازیلی ببەستێت کە بەمدواییە پەیوەندی بە یانەی کەتەلۆنییەوە کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، چاڤی پێش دەستپێکردنی وەرز پێویستی بە هێرشبەرێکی یەدەگی بەهێز هەیە، بۆ ئەوەی رێژەی گۆڵکردنی تیپەکەی نەگاتە ئاستێکی نزم.
 
هێشتا دیار نییە ئەو لاوە بەرازیلییە لە مانگی یەکی داهاتوو پەیوەندی بە بارساوە دەکات یان لە هاوینی داهاتوو.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، لە وەرزی 2016-2017ـدا، بارسێلۆنا 74 گۆڵی لە سەرەتای هاوینەوە تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەم، لە 26 یارییدا تۆمارکردووە، بە تێکڕایی 2.8 گۆڵ لە هەر یارییەکدا. ئەو رێژەیەی گۆڵکردن لە وەرزی دواتردا بۆ 64 گۆڵ دابەزیوە، واتا بە تێکڕایی 2.3 گۆڵ لە هەر یارییەکدا، کە دوای وەرزێکی تەواو رێژەکە گەڕایەوە بۆ تێکڕایی 2.6 گۆڵ لە یارییەکدا.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە وەرزی 2019-2020ـدا رێژەی گۆڵ تۆمارکردنی یانەی کەتەلۆنی بۆ 46 گۆڵ دابەزیوە، بە تێکڕایی 1.91 گۆڵ لە هەر یارییەکدا، پاشان لە وەرزی دواتردا بۆ 1.81 گۆڵ لە هەر یارییەکدا، دوای تۆمارکردنی 44 گۆڵ، پێش ئەوەی لە وەرزی 2021-2022ـدا بە رێژەیەکی زۆر کەمیکرد، کاتێک تیپەکە تەنیا 32 گۆڵی تۆمارکرد، بە تێکڕایی 1.33 گۆڵ لە هەر یارییەکدا.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەرچەندە چاڤی لە وەرزی رابردوودا توانی توانای گۆڵکردن بۆ تیپەکەی بگەڕێنێتەوە، بە تۆمارکردنی 46 گۆڵ لە 21 یارییدا، بەڵام دەیەوێ هێرشبەرێکی نوێ بگوازێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر یەکێک لە یاریزانانی هێڵی پێشەوە بڕوات، فێران تۆرێس بێت یان ئانسۆ فاتی یان رافینیا.