ئەو یاریزانەی تۆمەتبارکرابوو بە دەستدرێژیکردنە سەر 10 هەزار ژن ئازادکرا

15-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بێنیامین مێندی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە هێنان و بردن، زیندانیکردن و دادگاییکردن، بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ و هەڵبەستنی چەندین تۆمەتی جیاواز، لە کۆتاییدا بێنیامین مێندیی فەرەنسی بەبێ تاوان دەرچوو.
 
لە نۆڤێمبەری ساڵی 2020 بۆ یەکەمجار مێندی بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر چەند کچێک دەستگیرکرا، لە مانگی 8ـی ساڵی 2021 بەهۆی دادگاییکردنی یاریزانەکەوە مانچێستەر سیتی یاریزانە فەرەنسییەکەی لە یانەکەی دوورخستەوە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا دادگاییکردنی یاریزانەکە بەردەوامبوو.
 
دوای چەندینجار دادگاییکردن و لێکۆڵینەوەی ورد لە هەموو ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ بەرگریکارە فەرەنسییەکە، لە کۆتاییدا دادگا بڕیاری بێ توانایی یاریزانەکە دەرکرد.
 
کاتێکیش بێنیامین مێندی لە دادگا هاتە دەرەوە، رۆژنامەڤانان ویستیان پرسیاری لێبکەن، بەڵام ئەو تەنیا دەڵێت سوپاس بۆ خوا.
 
لە کاتی زیندانیکردن و بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی یاریزانەکە یەکێک لە خانمەکان بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە مێندی پێی گوتووە دەستدرێژیی کردووەتە سەر 10 هەزار ئافرەت، بەڵام هەموو ئەو تۆمەتانە ناڕاست دەرچوون و یاریزانە بێ تاوانە.
 
دادگاییکردنی بێنیامین مێندی بە ئامادەبوونی 12 کەس لە لیژنەی دادوەران لە دادگای چێستەر کراون کورت بەڕێوەچوو، 6 پیاو و 6 ژن، دوای خوێندنەوەی هەموو راپۆرتەکان، ستیڤێن ئیفریتی داداوەری دادگاکە بڕیارییدا کە بێنیامین مێندی بێ تاوانە و ئازاد دەکرێت، ئیدی یاریزانەکە خۆی نەگرتووە و لەبەردەم دادگا گریا.
 
ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، دوای دوورکەوتنەوەی لە یاریگەکان بەهۆی دادگاییکردن و زیندانکردنەوە، ئیدی کێ دەرگاکانی بەڕووی یاریزانەکەدا دەکاتەوە؟
 
بێنیامین مێندی، لە 17-7-1994 لە لۆنگجومیۆی فەرەنسا لە دایکبووە، ساڵی 2011 یەکەم گرێبەستی پیشەگەریی وەک یاریزانی تۆپی پێ لەگەڵ یانەی لۆ هاڤەری فەرەنسی لە خولی پلە دووی ئەو وڵاتە واژۆکرد.
 
لە ساڵی 2013 یاریزانەکە لە رێگەی یانەی مارسیلیای فەرەنسییەوە لە خولی لیگ وەنی فەرەنسا دەرکەوت، دوای ئەوە لە 2016 چووە یانەی مۆناکۆی هەمان وڵات و ئاستبەرزیی مێندی لەو یانەیەدا بووە هۆکاری ئەوەی مانچێستەر سیتی هەر زوو لە 2017 گرێبەستی لەگەڵ واژۆبکات.
 
گرێبەستی یاریزانەکە لە مانچێستەر سیتی بۆ 5 ساڵ بوو، بەڵام بەهۆی ئەو تۆمەتانەی درانە پاڵی، مانچێستەر سیتی یاریزانەکەی لە تیپەکەی دوورخستەوە و چەند ساڵێکە بەهۆی دادگاییکردنی بەردەوامەوە یاریزانەکە لە یاریگەکان دابڕاوە.
 
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی فەرەنسا، مێندی یاریی بۆ هەموو ئاستەکانی هەڵبژاردەکە کردووە و لە 2018 کاتێک فەرەنسا نازناوی مۆندیالی بردەوە، یەکێک بوو لە یاریزانەکانی پێکهاتەی دیدێ دیشام.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە