ڤیدیۆ؛ لیۆنێل مێسی نهێنییەکی دیکەی ئاشکرا دەکات

رووداو هەولێر 

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لە لێدوانێکدا ئاشکرای دەکات ئەگەر جامی جیهانی 2022ـی قەتەری بەدەستنەهێنابووایە وازی لە یاریی نێودەوڵەتی دەهێنا و ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نەدەبوو.
 
ئەمە پوختەی قسەکانی مێسییە، کە باس لە یانە نوێیەکەیشی دەکات و دەڵێت دەیەوێ لە بەرزترین ئاستدا بەردەوام بێت لە یاریکردن:
 
بەڕاستی بە درێژایی مۆندیال چێژم لە هەموو ساتێک وەرگرت، کە پێشتر هەرگیز ئەو چێژەم وەرنەگرتووە. چونکە دەمزانی لەوانەیە دوا مۆندیالم بێت، و  ئەگەر راستگۆ بم، پێموایە ئەگەر جامی جیهانیمان بەدەستنەهێنابووایە، من ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی لێرە نەدەبووم، بەدڵنیاییەوە. بەڵام ئێستا وەک پاڵەوانێکی جیهان ناتوانم هەڵبژاردەی نیشتمانی بەجێبهێڵم، دەبێت چێژ لە هەموو ئەوە وەربگرم. بەڵام لەو کاتەدا چێژم لێوەرگرت، لە هەمان کاتدا ئارامییەکی زۆرم هەبوو و متمانەم بەو کۆمەڵە یاریزانە هەبوو کە لەگەڵمان بوون.
 
ئێمە دڵخۆشین بەو بڕیارەی کە داومانە، هەست بە ئامادەیی و پەرۆشی دەکەم بۆ دەستکردن بەم ئاڵنگارییە نوێیە، لە راستیدا کە لە ئەمریکا یاری دەکەم، هیچ گۆڕانکارییەک لە عەقڵیەتی مندا روونادات، هەوڵدیش دەدەم هەموو کۆششێک بکەم بۆ خزمەتکردنی یانە نوێیەکەم، دەمەوێ لە بەرزترین ئاستدا بەردەوام بم.