خولی ئەمریکی دەوەستێت و مێسی لە پاڵەوانێتییەکی دیکەدا یاری دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

یەکەم یاریی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی لەگەڵ یانە نوێیەکەی، ئینتەرمەیامی ئەمریکی لە خولی ئەمریکیدا تاوەکو 20ـی ئاب دوادەکەوێت، بەڵام دوای چەند رۆژێکی دیکە لە پاڵەوانێتییەکی دیکەدا، لیۆ یەکەم یاریی خۆی بە درێسی ئینتەرمەیامییەوە بەرامبەر یانەیەکی مەکسیکی دەکات.
 
خولی تۆپی پێی ئەمریکی کۆتایی ئەم هەفتەیە دواگەڕی بەڕێوەدەچێت بەر لەوەی بوەستێت و پشوو وەربگرێت، بەهۆی ئەوەی جامی خولەکان دەستپێدەکات، کە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یەکەم یاریی خۆی بە درێسی ئینتەرمەیامی لەو پاڵەوانێتییەدا ئەنجام دەدات.
 
جامی خولەکان، پاڵەوانێتیەکی نوێی فەرمییە، سەرجەم یانەکانی هەردوو خولی تۆپی پێی ئەمریکا و مەکسیک بەشداری تێدا دەکەن، کە لە ماوەی نێوان 21ـی تەمموز تاوەکو 19ـی ئاب لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
 
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش خولی تۆپی پێی ئەمریکا ماوەی پشوودان وەردەگرێت، و تاوەکو 20ـی مانگی 8 یارییەکانی بەڕێوەناچن، ئەمەش وا دەکات مێسی کە یەکشەممەی داهاتوو لەلایەن ئینتەرمەیامییەوە بە میدیاکان دەناسێنرێت، یاریکردنی لە خولی ئەمریکی دوابکەوێت.
 
بڕیارە لە 21ـی تەمموزدا لیۆ بەشداری یارییەکەی بەرامبەر کروز ئازولی مەکسیکی لە جامی خولەکاندا بکات.
 
ئینتەرمەیامی بەرەبەیانی سبەی کاژێر 3:30 یارییەکی زۆر قورس بەرامبەر سانت لویس سیتی ئەنجام دەدات.
 
ئینتەرمەیامی لە کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکیدا یاری دەکات و تاوەکو ئێستا پلەی کۆتایی ریزبەندیی کۆمەڵەکەی گرتووە، کە لە 21 یارییدا بە 5 بردنەوە و 3 یەکسانبوون و 13 دۆڕان، تەنیا 18 خاڵی کۆکردووەتەوە. تەنیا 22 گۆڵی کردووە و 33 گۆڵی لێبووە.