چیرۆکی من؛ لیۆناردۆ بۆنوچی.. وەزیری بەرگری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا

15-07-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چیرۆکی من لیۆناردۆ بۆنوچی
A+ A-

رووداو دیجیتال 

لیۆناردۆ بۆنوچی، بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و یانەی یوڤێنتوس، کە نازناوی یۆرۆی 2020ـی لەگەڵ ئازووری بردەوە، بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارانی جیهان دادەنرێت، سەرەڕای ئەوەی سەرەتایەکی زەحمەتی هەبوو لەگەڵ تۆپی پێدا.

سەرەتای یاریکردنی

لیۆناردۆ بۆنوچی لە دەستپێکی کاروانی وەرزشیی خۆیدا وەک یاریزانی هێڵی ناوەڕاست دەستیپێکرد، لە زێدی خۆی لە شاری ڤیتێربی، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئیتاڵیا، کاتێک پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ڤیتێربێسییەوە کرد، ئەوکات تەمەنی لە 13 ساڵ تێپەڕی نەکردبوو، کە لە نێوەڕاستی یاریگەدا یاریی دەکرد و 4 ساڵ لەو شوێنە یاریی دەکرد.

کارلۆ بێرۆنی، راهێنەری یانەی ڤیتێربێسی، کە بینی بۆنوچی سیفەتەکانی بەرگریکاری باشی تێدایە، بڕیاریدا بکاتە دڵی بەرگری، ئەوە لە ساڵی 2004 روویدا، کاتێک تەمەنی یاریزانەکە 17 ساڵ بوو، بەڵام ئەوکات ئەو یانەیە، کە لە خولی پلە چوارەکانی ئیتاڵیا یارییدەکرد، کەم یاری بە بۆنوچی دەکرد، ئەو زۆربەی کات لەسەر کورسیی یەدەگ دەمایەوە.

ساڵی 2005 تیمی دۆزەرەوەی یانەی ئینتەرمیلان داوایانلێکرد بچێتە ئینتەرمیلان بۆ ئەنجامدانی تێست و ئەو نەیویست ئەو دەرفەتە لەدەستبدات، کە توانی بڕوا بە تیمی هونەری ئینتەرمیلان بێنێت و ئەوان بە ئاستی ئەو رازی بوون و ناردیانە تیپی لاوان، بەهیوای ئەوەی ئاستی بەرەوپێش بچێت و لە داهاتوودا بیبەنە تیپی یەکەم.

ساڵی 2006 رۆبێرتۆ مانچینی بۆ یەکەمجار بانگهێشتی کرد بۆ تیپی یەکەمی ئینتەرمیلان و لە 14ـی مانگی 5ـی 2006 یەکەم یاریی خۆی لە سێریا ئەی بە درێسی ئینتەرمیلانەوە لە بەرامبەر یانەی کالیاری کرد، کە دوایین یاریی ئەو وەرزەی یانەکە بوو، یارییەکە 2 - 2 کۆتاییهات.

دواتر مانچینی پشتی پێنەبەست و ئەمەش وایکرد یانەی تریڤیزی لە خولی یانە پلە دووەکانی ئیتاڵیا لە 2007 نیوەی گرێبەستەکەی بکڕێت و لەگەڵ ئەو یانەیەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، دواتر ئینتەرمیلان لە 2008 تواناکانی بۆنوچی بەشێوەی خواستن بەدەستهێنایەوە و بە خواستن دایەوە تریڤیزی.

دواتر لە 2009 یانەکانی جێنەوا و باری بەهاوبەشی ئەو یاریزانەیان کڕی و بۆنوچی لەگەڵ جێنەوا بەشداری لە سێریا ئەیدا کرد و دواتریش بۆ یانەی باری، کە لەگەڵ ئەمیاندا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و سەرنجی هەمووانی بۆ خۆی راکێشا و مارچیلۆ لیپی بانگهێشتیکرد بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا.

15.5 ملیۆن یۆرۆ

ساڵی 2010 یانەی یوڤێنتوس بەرامبەر 15.5 ملیۆن یۆرۆ بۆنوچی لە جێنەوا و باری کڕی بۆ شوێنگرتنەوەی فابیۆ کاناڤارۆ، کە ریزەکانی یوڤێنتوسی بەرەوە یانەی ئەهلی ئیماراتی جێهێشت. 

بۆنوچی لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ خانمە پیرەکە وەک یاریزانی سەرەکی یاریکرد و دوای ئەوەی یانەی یوڤێنتوس لە وەرزی 2010 - 2011 پلەی حەوتەمی ریزبەندیی خولی ئیتاڵیای گرت، کارگێڕیی یانەکە دەستبەرداری لویجی دیلنیێریی راهێنەری بوو، و گرێبەستی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ کۆنتی کرد، کە دەیویست ئەو بەرگریکارە لەگەڵ بارزالی و کیلینی بکاتە بەرگریکارێکی گەورە، بەڵام کۆنتی هۆشداری دایە بۆنوچی، لەبەرئەوەی دوای پێکهێنانی ژیانی هاوسەری ئاستی روو لە پاشەکشە کرد.

بۆنوچی لەگەڵ یوڤێنتوس 6 نازناوی خولی ئیتاڵیای بەدەستهێناوە، کە سێیان لەگەڵ کۆنتی بووە و سێیانی دیکەشی لەگەڵ ماسیمیلیانۆ ئالێگری بووە. هەروەها 3 جامی ئیتاڵیاشی لەگەڵ خانمە پیرەکە بەدەستهێناوە. دووجاریش لەگەڵ ئەو یانەیە گەیشتووەتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام هەردووجار دۆڕاوە، یەکێکیان بە بارسێلۆنا و یەکێکیش بە ریال مەدرید.

سوپرایزێکی گەورە

لە ساڵی 2017 بۆنوچی هەمووانی تووشی شۆک کرد و چووە ریزەکانی یانەی میلان، بەرامبەر بە 45 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ پاداشت و گۆڕانکاری.

ئەم هەڵوێستەی بۆنوچی دوای ئەوە هات کە ناکۆکی کەوتە نێوان خۆی و ماسیمیلیانۆ ئالێگریی راهێنەری ئەوکاتی یوڤێنتوس، ئەمەش هەرایەکی گەورەی خستە نێو تۆپی پێی ئیتاڵیا و یاریزانەکە رووبەڕووی لێشاوێک لە هەڕەشە و سووکایەتی هاندەرانی یوڤێنتوس بووەوە.

کاروانی نێودەوڵەتی

مارچیلۆ لیپی لە ساڵی 2010 بۆنوچی بانگهێشتکرد بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، دوای ئەوەی وەک یەکێک لە باشترین بەرگریکارانی جیهان خۆی سەلماند.

بۆنوچی یەکەم یاریی نێودەوڵەتی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئازووری لە بەرامبەر کامیرۆن ئەنجامدا، کە یارییەکی دۆستانەبوو، کە ئەوکات یاریی بۆ یانەی باری دەکرد، لە دووەم یارییدا بەرامبەر مەکسیک یاری کرد و یەکەم گۆڵی خۆی بە درێسی ئیتاڵیاوە تۆمارکرد، کە ئەویش یارییەکی دۆستانە بوو.

بۆنوچی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ بەشداریکەدن لە مۆندیالی 2010 گەشتی ئەفریقای باشووری کرد، بەڵام بەشداری لە هیچ یارییەکدا نەکرد و لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.

لە یۆرۆی 2012 لەگەڵ چیزاری براندێلی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بووە یاریزانێکی سەرەکی و کاریگەر و گەیشتنە یاریی کۆتایی، بەڵام 4 - 0 بە ئیسپانیا دۆڕان، لە مۆندیالی 2014ـی بەرازیل و یۆرۆی 2016 وەک یاریزانی سەرەکی یارییدەکرد.

ژیانی تایبەتی بۆنوچی

بۆنوچی ساڵی 1987 لە شاری ڤیتێربی ئیتاڵی لەدایکبووە و زۆربەی ژیانی منداڵی خۆی لەوێ بەسەربردووە.

ئەو کوڕە بەپێچەوانەی هێز و شەڕانگێزی خۆی لەسەر یاریگە، کەسێکی رۆمانسی و زیاد لە پێویست هەستیارە، بەڵگەش ئەوەیە کە هەر شتێک بەسەر دەوروبەری یان لە خانەوادە بچووکەکەی بێت زۆر پێی گاریگەر دەبێت.

ئەو منداڵیەتی و بەشێک لە ژیانی گەنجێتی خۆی لەگەڵ خێزانە بچووکەکەی بەسەربردووە، کە پێکهاتووە لە کلاودیۆی باوکی و دۆریتای دایکی و ریکاردۆی برای، کە 4 ساڵ لە خۆی گەورەترە، ئەو 18 ساڵ لەگەڵیان ژیا بەرلەوەی تۆپی پێ ناچاری بکات بچێتە شاری میلانۆ بۆ ئەنجامدانی تێست لەگەڵ یانەی ئینتەرمیلان.

بۆنوچی بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لەگەڵ خێزانەکەی ژیاوە، زۆر سەرسام بووە بە باوکی و برا گەورەکەی، کە ئەو دووانەی بە نموونەی بەرزی خۆی زانیوە و ئەوان هاندەر و یارمەتیدەری بوونە بۆ دیاریکردنی ئاراستەی کاروانە وەرزشییەکەی.

ژیانی لەگەڵ مارتينا ماكارای هاوژینی

ژیانی تایبەتی بۆنوچی پڕە لە رۆمانسییەت، کە ئەو دوور لە یاریگەکانی تۆپی پێ، ژیانێکی زۆر جیاواز دەژیت، بەتایبەتی لەگەڵ مارتینا ماکارای هاوژینی، کە نمایشکارێکی ئیتاڵییە، هەروەها لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی، لۆرێنزۆ و ماتیۆ. لیۆ بەوە ناسراوە کە خاوەن هەستێکی مرۆیی و سۆزداری گەورەیە.

بۆنوچی بەپێچەوانەی زۆر لە ئەستێرەکانی تۆپی پێ، لە ئاهەنگێک یان لە بۆنەیەکدا مارتینا هاوژینی نەناسیوە، بەڵکو لە رێگەی تەلەفۆنەوە ناسیویەتی، کە بەردەوام قسەیان لەگەڵ یەکدی دەکرد، بەرلەوەی پەیوەندی نێوانیان بەهێزتر لێبێت و ببنە دوو هاوڕێ و دوو خۆشەویست.

ساڵی 2011 هەردووکیان بڕیاریاندا دوای 3 ساڵ هاوڕێیەتی بەفەرمی هاوسەرگیری بکەن، راستەوخۆ دوای ئەوەی بۆنوچی بووە یاریزانی یوڤێنتوس، کە ئەوکات گوتی "دڵخۆشم کە لەگەڵ مارتینا هاوسەرگیری دەکەم، هیوادارم لەمەودواش ژیانێکی خۆش پێکەوە بەسەرببەین، وەک ئەو 3 ساڵەی کە لە 2008ـەوە پێکەوە وەک دوو هاوڕێ بەسەرمان بردووە".

دوو کوڕیان هەیە

بۆنوچی و مارتینا دوو کوڕیان هەیە، یەکێکیان لە ساڵی 2012 لەدایکبووە و ناویان لێناوە لۆرێنزۆ، ئەوەی دیکەشیان لە ساڵی 2014 لەدایکبووە و ناوی ماتیۆیە، ئەوان لە شاری تۆرینۆ دەژین و هەندێجاریش کە بواریان بۆ بڕەخسێت سەردانی شاری ڤیتێربی، زێدی بۆنوچی دەکەن.

5 زانیاری سەیر لەسەر بۆنوچی

بۆنوچی خاوەن کەسایەتییەکی بەهێزە، بەڵام لە هەمانکاتدا زۆر حەزی لە گاڵتەیە و بەشێوەیەکی شێتانە حەز لە ژیان دەکات. ئەمانە 5 نهێنیین لە ژیانیدا، کە لەوانەیە نەتبیستبن:

* هەمیشە یارمەتی هاوژینەکەی دەدات لە بەخێوکردنی منداڵەکانیان، مارتینا فێری کردووە چۆن بە جوانی دایبی هەردوو کوڕەکەی بگۆڕێت، کە ئێستا گەورە بوونە و بەدڵنییاییەوە لەو کارە زەحمەتە رزگاری بووە.

* پیاوێکی زۆر رۆمانسییە و هەمیشە حەزدەکات بچێتە دوورگەی فۆرمێتێرای گەشتیاریی لە ئیسپانیا، ئەو زۆر سەرسامە بەو شوێنە و هەر کاتێک دەرفەتی بۆ رەخسا ئەگەر بۆ تەنیا رۆژێکیش بێت مارتینا و دوو کوڕەکەی دەبات و رۆژێک لەوێ بەسەردەبەن.

* پیاوێکی کەلەڕەقە و هەمیشە داکۆکی لە رای خۆی دەکات، ئەوانەی بۆنوچی لە نزیکەوە دەناسن دان بەوەدا دەنێن کە بۆنوچی ئەوکاتەی بۆشی دەردەکەوێت کە بۆچوونەکەی هەڵەیە، دانی پێداناهێنێت و سوور دەبێت لەسەر بۆچوونەکەی، ئەوەش زۆرجار تووشی کێشەی کردووە، لەنێو یاریگەدا بێت یان لە دەرەوە.

* هاندەرێکی سەرسەختی یانەی ڤیتێربیسییە، یانەی زێدی خۆی و باب و باپیرانی، کە لەگەڵ ئەو یانەیەدا دەستی بە یاریکردن کردووە.

* یاریزانی ئیتاڵی ساڵی 2014 بەشێک لە سەرمایەی خۆی خستووەتە وەبەرهێنانەوە و چێشتخانەیەک و یانەیەکی شەوانەی لە شاری ڤیتێربی کردەوە، بە ناوی دیکۆ، کە هەر کاتێک سەردانی ئەو شارە بکات، لەوێ چاوی بە هاوڕێکانی دەکەوێت و کاتێکی خۆش بەسەردەبەن.

ژیانی بێ کێشە نەبوو

بۆنوچی لە ژیانی خۆیدا زۆر خۆشی بینوە، بەڵام بێ ناخۆشیش نەبووە، کە چەندینجار رووبەڕووی کێشە بووەتەوە، کە ناخۆشترینیان ئەمانەن:

* ساڵی 2012 بۆنوچی لە شاری تۆرینۆ سەردانی پێشانگای ئۆتۆمبێلی کرد بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێکی فێراری، بەڵام لەوێ دزێکی چەکدار رێگەی لێگرت بەمەبەستی دزیلێکردن، بەڵام ئەو سەرەڕای ئەوەی هاوژین و منداڵەکانی لەگەڵ بوو، زۆر بوێرانە بەگژ دزەکەدا چوو، پاڵێکی پێوەنا و دزەکە رایکرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەدوای کەوت، بەڵام دواجار رزگاری بوو.

* ساڵی 2016 بەوە تۆمەتبارکرا کە یاری بە ئەنجامی یارییەکان کردووە و خرایە ژێر چاودێری دادگایی، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو تێوەنەگڵاوە.

* ماتیۆی کوڕی تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بوو، ئەو رووداوە زۆر کاری لە بۆنوچی کرد، ناچاربوون دوو نەشتەرگەری بۆ سەری ماتیۆ بکەن، بەو هۆکارەوە یاریزانە ئیتاڵییەکە ماوەیەک تووشی نیگەرانی و دۆخێکی دەروونی زۆر خراپ بوو.

لە کۆنگرەیەکی رۆژناڤانیدا، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، بۆنوچی کاتێک باسی ماتیۆی کرد، خۆی بۆ نەگیرا و لە بەرامبەر رۆژنامەڤاناندا زۆر بەکوڵ گریا، بەهۆی دۆخی تەندروستی کوڕەکەی، کە ئەمە وای لە هاندەرانی ئیتاڵیا کرد بەشێوازی جیاجیا پشتگیری لە بۆنوچی کرد، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەنێو یاریگەکانیشدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە