گرێبەستە گەورەکان بازاڕی گواستنەوە گەرم دەکەن

بەهۆی بوونی دوو پاڵەوانیەتی گەورەی جیهانی یەکێکیان لەسەر ئاستی ئەوروپا و یەکێکی دیکەشیان لەسەر ئاستی ئەمەریکا، بازاری گوارستنەوەی یاریزانان سارد و سڕی بەخۆیەوە دەبینی، بەڵام دوای تەواوبوونی ئەم دوو پاڵەوانیەتییە، ئێستا یانەکان کەوتوونەتە خۆیان و دەیانەوێت بەگرێبەستی گرانبەها بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان گەرم بکەن.

سەرەتای کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی یاریزانان پێچەوانەی ساڵانی رابردوو بەهۆی یاریەکانی هەردوو پاڵەوانیەتی یۆرۆ و کۆپا ئەمەریکا ساردوو سڕی زۆری بەخۆیەوە بینی و ئێستاش دەنگۆی دەستەوارە مەزنەکان هێدی هێدی بازاری گواستنەوە گەرمتر دەکەن.

هێشتا وەرزی رابردوو کۆتایینەهاتبوو، چەند یانەیەک لە راهێنەرانەوە دەستینان پێکرد و راهینەرەکانیان گۆڕی بۆ دانای تیپێکی تۆکمە و نوێ، بە تایبەتی لە خولی پرێمەرلیگ، کە لە هاوینی ئەمساڵدا لە جیاتی شۆڕشی یاریزانان ، شۆڕشی راهێنەرانی بەرپاکرد، بە هاتنی ئانتۆنیۆ کۆنتی و پیپ گواردیۆلا و خۆزێ مۆرینیۆ.

ئێستاش هەردوو پاڵەوانیەتییە گەورەکە تەواوبووە و یانەکان چاویان لە یاریزانە بەهرەمەندەکانە، هەندێ یاریزان نرخەکانیان خەیاڵییە و تەنیا ئەو یانانە چاویان لێیانە کە تینوی نازناوەکانن.

هەندێک یانەش تەنیا بە چەند گرێیبەستێکی ئاسایی گواستنەوەی هاوینە کۆتاییپێدەهێنن و ئامانجیان تەنیا مانەوەیە لە خولی نێوخۆیی وڵاتەکانیان.

دەستپێکردنەوەی خولە نێوخۆییەکان ماوەیەکی کەمی ماوە، بازاری گواستنەوەش هێشتا بەدڵی هاندەرانی هیچ یانەیەک نییە، چونکە هیچ گرێبەستیکی گەورە واژۆ نەکراوە و ئەوەی دەگوترێت تەنیا قسەی رووپەری رۆژنامەکانە.

وەک هەمیشە دوا کاژێرەکانی داخستنی دەرگای گواستنه‌وه‌ى یاریزانان چەندین سوپرایز بەخۆیەوە دەبینێت، واش چاوەڕواندەکرێت گرێبەستە گەورەکانی ئەمساڵ بکەوێتە دوا کاژێرەکانی داخستنی دەرگای گواستنەوەی یاریزانان.