لووتکەی یۆرۆ لەنێوان ئیسپانیا و کرواتیا دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئێوارە لە دووەم رۆژی یۆرۆدا، یاریی لووتکە بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرامبەر کرواتیا یاریی دەکات.
 
ئیسپانیا لە دۆناوئیشنگن دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاریی لە رکابەرییەکانی یۆرۆدا ئەنجامدا و هەڵبژاردەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کرواتیا ئامادەیە.
 
لارۆخا پێکهاتەیەکی تێکەڵاوی لە یاریزانی بە ئەزموون و لاو ئامادەکردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بکات.
 
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئێمریک لاپۆرت، بەرگریکاری یانەی نەسڕ بەهۆی ئەو پێکانەی لە چەند رۆژی رابردوودا تووشی بوو یاری ناکات، هەرچەند راهێنەر دەڵێت بۆ یارییکردن ئامادەیە.
 
ئیسپانیا خاوەنی 3 نازناوی یۆرۆوە و تاکە هەڵبژاردەیە دووجار لەسەریەک نازناوەکەی بردبێتەوە، لامین یامال، پێدری، فێرمین لۆپێز، نیکۆ ویلیامز دیارترین ناوە لاوەکانی نێو پێکهاتەی هەڵبژاردەکەن بۆ رکابەریکردن.
 
بەسەرکردایەتیی لوکا مۆدریچ و لەژێر سەرپەرشتی زلاتکۆ دالیچ، هەڵبژاردەی کرواتیا دوایین مەشقەکانی بۆ یەکەم یارییان لە رکابەرییەکانی یۆرۆدا ئەنجامدا و بەرامبەر ئیسپانیا یاریی دەکەن.
 
کرواتیا لە بەرلینە و ئەمڕۆ ئێوارە لە یاریگەی ئۆڵیمپی بەرلین یەکەم یاریی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامدەدات.
 
کرواتیا هەڵبژاردەیەکی بەهێزی هەیە، لە مۆندیالدا پێشتر گەیشتووەتە یاریی کۆتایی، بەڵام هەرگیر لە یۆرۆدا، نەیتوانیووە لە قۆناخی هەشت تێبپەڕێت، ئەمجارە دەیەوێت ئەوە بکات.
 
کرواتییەکان پشت بە ئەزموونی لوکا مۆدریچ دەبەستن بۆ ئەوەی لە یەکەم هەنگاویان لە پاڵەوانێتییەکەدا بەسەرکەوتوویی بنێن.
 
لە یۆرۆی 2020 کرواتیا لە قۆناخی شازدە لەسەر دەستی ئیسپانیا کراوەتە دەرەوە و ئەمڕۆ کرواتییەکان دەیانەوێت تۆڵەی ئەو دۆڕانەیان بکەنەوە.