ڤالێنسیا هەڕەشە لە رۆدریگۆ دەکات

15-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن رۆدریگۆ یانەی ریال مەدرید ڤالێنسیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ڤالێنسیا، بڵاوکراوەیەکی فەرمی تووندی لە دژی رۆدریگۆی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید بڵاوکردەوە، پاش ئەوە رووداوە رەگەزپەرستییانەی لە یاریی نێوان هەردوو یانە لە خولی ئیسپانیا روویدا.
 
ڤالێنسیا لە بڵاوکراوەکەدا دەڵێ، "دڵتەنگین و بەهەموو شێوەیەک ئەو لێدوانە درۆیانە رەتدەکەینەوە کە رۆدریگۆ گۆسی یاریزانی بەرازیلی داوێتی کە تێیدا دووپاتیکردووەتەوە یاریگەکەمان بەتەواوی و هەموو هاندەرانی ئامادەبووی یارییەکە دروشمی رەگەزپەرستییان گوتووەتەوە".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەم درۆیە مەترسیدارانەیە و ناهەقیکردنە بەرامبەر جەماوەری بەرفراوانی یانەکەمان".
 
ڤالێنسیا داوای لە رۆدریگۆ کردووە کە لێدوانەکانی خۆی راستبکاتەوە هاوشێوەی ئەوەی کارلۆ ئەنچیلیۆتی راهێنەری یانەکە لە دوای یارییەکە کردی.
 
کارگێڕیی ڤالێنسیا راشکاوانە دەڵێ، "ڤالێنسیا مافی هەیە رێوشوێنی یاسایی بگرێتە بەر بۆ بەرگریکردن لە شەرەفی یانەکە و هاندەرەکانی، دەبێ یاریزانانی تۆپی پێ لە کاتی قسەکردن بۆ میدیاکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن".
 
ڤالێنسیا هەروەها سەرکۆنەی هەموو جۆرەکانی رەگەزپەرستی دەکات و دووپاتیدەکاتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بەڵا کۆمەڵایەتییە کاردەکات، ئەوەشی پێشاندا لە دەرکردنی سێ هاندەری یانەکە کە بووبوونە هۆکاری رووداوەکە و ئەو هاندەرانە تاهەتایە لە ئامادەبوون لە یارییەکانی یانەکە بێبەشکران.
 
یانە ئیسپانییەکە لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا دەڵێ، "جارێکی دیکە داوای ئەوپەڕی رێزگرتن لە هاندەرەکانمان دەکەین و نابێ لە رێگەی زانیاریی درۆ و هەڵبەستراوەوە هێرشیان بکرێتە سەر".
 
رۆدریگۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی دوێنێ چوارشەممەدا بۆ یارییە دۆستانەکەی بەرازیل و گینیا کە لە ئیسپانیا ئەنجامدەدرێت، گوتی یاریگەی ڤالێسنیا هەمووی رەگەزپەرستییان دژی ڤینیسیۆس کردووە و بە 'مەیموون' ناویان بردووە.
 
رۆدریگۆ ئەوەشی گوتبوو کە ئیسپانیا دەوڵەتێکی رەگەزپەرست نییە وەکئەوەی هەندێک باسی دەکەن، بەڵکو ئەوە دیاردەیەکە لە هەموو جیهاندا هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە