ڤیدیۆ؛ بێلینگهام: کە گوتیان ریال مەدرید بایەخت پێدەدات، دڵم کەمێک وەستا

رووداو دجییتاڵ

 

جود بێلینگهام، یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدرید، دووپاتیکردەوە کە ریال مەدرید خەونی منداڵیی ئەو بووە. رەتیشکردەوە کە هەوڵ بدات وەک زینەدین زیدان بێت. گوتیشی "کاتێک باوکم پێیگوتم ریال مەدرید تۆی دەوێ، دڵم کەمێک وەستا".
 
دوای ناساندنی لەلایەن یانە ئیسپانییەکەوە، بێلینگهام لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە و سەرەتا گوتی "زۆر سوپاس بۆ هەمووتان کە منتان هێنایە ئێرە، لەنێویاندا جۆنی کالافات و خۆسێ ئانخێل سانچێز. ئەم رۆژە بۆ من رۆژێکی گەورەیە، چونکە گەیشتوومە یانەی خەونەکانم".
 
ئەو سەبارەت بە هەڵبژاردنی ریال مەدرید، گوتی "لەوانەیە گەڕانەوە بۆ ئینگلتەرا ئاسانترین بژاردە بووبێت، بەڵام ناتوانیت ریال مەدرید رەتبکەیتەوە".
 
یاریزانە گەنجە ئینگلیزییەکە، زیاتر لەبارەی ریال مەدریدەوە گوتی "پێموایە هاتنم بۆ ریال مەدرید هەندێک سوپرایز بوو، 12-15 مانگ لەمەوبەر کاتێک باوکم باسی ئارەزووی ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ من لەگەڵی کردم. من تووشی شۆک بووم، دەلەرزیم و دڵم کەمێک وەستا".
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی درێسی ژمارە 5 کە پێشتر ژمارەی زینەدین زیدانی ئەفسانەی ریال مەدرید بوو؟ بێلینگهام گوتی "زیدان بۆ من ئیلهامبەخشە، زۆر سەرسامم پێی، بەڵام هەوڵ نادەم وەک ئەو بم، یاریزانێکی جیاوازم، تەنیا هەوڵدەدەم جود بم".
 
سەبارەت بە هاری کەینی هاوڕێیشی لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، جود گوتی "ناتوانم لێدوان لەسەر ئەو بدەم، ئەو یاریزانێکی ئاست بەرزی جیهانییە، بەڵام ناتوانم هیچ بڵێم".