ئەمشەو لایەنی دووەمی یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ دەردەکەوێت

15-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئیتاڵیا هەڵبژاردەی ئیسپانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بۆ ئاشکرابوونی ناوی ئەو هەڵبژاردەیەی لە یاریی کۆتایی سێیەم وەشانی نەیشنسلیگدا بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا یاریدەکات، ئیسپانیا و ئیتاڵیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و هەردوو هەڵبژاردەش لە قۆناخی گۆڕانکاریی گەورە و داهاتووی تەمومژاویدان.
 
ئیسپانیا دوای شکستی لە مۆندیالی قەتەر و دەستلەکارکێشانەوەی لویس ئینریکێی راهێنەری هەڵبژاردەکە، یەکەم تاقیکردنەوە بەسەرپەرشتی لویس دی لافوێنتێی راهێنەری نوێی ئەنجامدەدات. لە کاتێکدا ئیتاڵیا دەیەوێت دووپاتی بکاتەوە سەرنەکەوتنی بۆ مۆندیالی قەتەر بووەتە بەشێک لە رابردوو و ئیدی ئازۆری وەکجاران هێزێکی گەورە و درەوشاوەی نێو تۆپی پێی دونیایە.
 
دی لافوێنتێ کە دەیەوێت هاوتای لویس ئینریکی کاربکات و چاوی لە باڵادەستبوون بەسەر ناوەڕاستی یاریگە و کۆنترۆڵی تۆپە، لەوکاتەوە بووەتە راهێنەری ماتادۆر، شتێکی ئەوتۆی پێشاننەداوە کە مایەی گەشبینیی هاندەرانی هەڵبژاردەکەی بێت، چونکە لەو دوو یارییەدا کە لەگەڵ هەڵبژاردەکە ئەنجامیداون لە یەکەمیاندا بەرامبەر نەرویج کە بەبێ ئێرلینگ هالاند یارییدەکرد بردنەوەیەکی دلخۆشکەری بەدەستنەهێنا لە رووی ئاستەوە و دواتریش لە ناکاو بە سکۆتلەندا دۆڕا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر.
 
دی لافوێنتێ، لە پێکهاتەی بانگهێشتکراوی هەڵبژاردەکەیدا بۆ یارییەکەی ئەمشەو پەنای بۆ چەندین یاریزانی قاڵی وەک دانی کارفاخال، جۆردی ئالبا و خیسۆس ناڤاس بردووە کە دوای سێ ساڵ، یەکەمجارە درێسی هەڵبژاردەکە دەپۆشێت.. بانگهێشتکردنی ئەو یاریزانە تەمەن گەورانە، پرسیاری ئەوەی لەسەر کارەکانی راهێنەر دروستکردووە، تاچەند ئامادەیە بۆ نوێکردنەوەی پێکهاتەی هەڵبژاردەکە لە کاتێکدا پێویستە چەندین یاریزانی دیکەی لاو، تاقیبکرێنەوە.
 
ئیتاڵیا لای خۆیەوە، چاوی لەوەیە رکابەرە ئیسپانییەکەی لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ بێبەش بکات، وەک قەرەبوویەک بۆ دوو بەشدارینەکردن لە مۆندیالدا بەسەریەکەوە.. رۆبێرتۆ مانچینی راهێنەری هەڵبژاردەکە، پێنج یاریزانی ئینتەرمیلانی بەشداریکردوو لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەکە کردووە، لەگەڵ چەند یاریزانێک بەهرەمەند، کە وەک ئەو راهێنەرە دەڵێ، بەهۆی نەیشنسلیگەوە تواناکانیانی بۆ دەرکەوتووە، وەک جاکۆمۆ راسپادۆری و ویلفرێد نیۆنتۆ.
 
بۆ مانچینی گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و بردنەوەی نازناوەکە، تەنیا قەرەبووی دابڕانی چوار جار پاڵەوانی جیهان لە مۆندیال نابێت، بەڵکو ئیتاڵییەکان دەبێ قەرەبووی وەرزێک بکەنەوە کە کۆتاییەکی ناوازەی بۆ ئەوان پێشاندا و لە دوا وێستگەشدا هیچی پێنەبەخشین.
 
ئیتاڵییەکان لە هەر سێ پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکەی یانەکاندا لە یاریی کۆتایی بوون و هەرسێکیان دۆڕاند، لە مۆندیالی لاوانی خوار تەمەن بیست ساڵانیش بەهەمان شێوە شکست بەشیان بوو بەرامبەر ئۆرۆگوای، ئێستا هەڵبژاردە گەورەکەی وڵات، پێویستی بەوە هەیە جارێکی دیکە پێشانی بدات، هەرزوو بەری گەشانەوەی یانەکان و لاوەکان دەقۆزێتەوە و ئەگەرچی ئاسانیش نەبێت، بەڵام خۆی لە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگدا ببینێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە