لێدوانی یاریزانان.. ئەلبا و بۆنوچی بە هەڵبژاردەکانی یەکدی سەرسامن

15-06-2023
ئیحسان تاهیر
خۆردی ئەلبا و لیۆناردۆ بۆنوچی
خۆردی ئەلبا و لیۆناردۆ بۆنوچی
نیشانەکردن خۆردی ئەلبا لیۆناردۆ بۆنوچی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگدا، هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئیتاڵیا لە  هۆڵەندا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. یارییەکە کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە براوەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
 
خۆردی ئەلبا، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و لیۆناردۆ بۆنوچی، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەیان بۆ میدیاکاران کردووە سەبارەت بە یارییەکە، کە ئەمە پوختەی لێدوانەکانیانە:
 
 
خۆردی ئەلبا، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا:
 
دەتوانم چەند ئامۆژگاریەک بدەم بە یاریزانە گەنجەکان، بەڵام دەتوانم زۆر شتیشیان لێ فێربم، وەک خولیای ئەوان بۆ یاریکردن و ئەو پاڵنەرە بەهێزەی کە هەیانە. ئەوان زۆر باش دەزانن یاریکردن بەرامبەر ئیتاڵیا واتا چی، ئەوان بەرامبەر ئیتاڵیا لە ئاستی تەمەن خوار 21 و 19 ساڵان یارییان کردووە. ئیتاڵیای ئێستا تیپێکی جیاوازە لەوەی کە 2012 رووبەڕووی بوومەتەوە. بەڕاستی بەرامبەر تیپێکی باش یاری دەکەین. ئەوان پێشکەوتنی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە. یاریزانەکانی حەزدەکەن لە ناوەڕاستی یاریگەدا کۆنترۆلی تۆپ بکەن. ئێمە هەوڵی خۆمان بەرامبەر ئیتاڵیا دەدەین، ئاسان نابێت، بەڵام دڵنیام شتەکان بە باشی ئەنجام دەدەین. لەوانەیە ببەینەوە یان بدۆڕێین، بەڵام گرنگ ئەوەیە بە چ ئاستێک دەردەکەوین.
 
 
لیۆناردۆ بۆنوچی، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا:
 
هەمیشە کەمێک دڵەڕاوکێ دروست دەبێت کاتێک یاری بەرامبەر ئیسپانیا دەکەیت بەهۆی شێوازی یاریکردنیانەوە، هەمیشە کۆنترۆلی تۆپ دەکەن و ناچارت دەکەن بەدوای تۆپدا بگەڕێیت. لە ساڵانی رابردوودا شتێکی هاوشێوەی شێوازی یاریکردنی تۆپی پێی هەڵبژاردەی ئیسپانیامان بنیات ناوە و دەمانەوێت لەم یارییەدا سوودی لەوە وەربگرین بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بێت لە بردنەوەی یاریی پێشکۆتایی.
 
ئێمە هەمیشە گرنگی بە سەرکەوتن دەدەین و گرنگی بە بردنەوەی جامەکان دەدەین. ئێمە دەمانەوێت بە جامەوە بگەڕێینەوە ئیتاڵیا، چونکە نەمانتوانی بگەینە مۆندیالی 2022.  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە