لەمەودوا سزای رەگەزپەرستان بە دەست ڤینیسیۆسە

15-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لیژنەیەکی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی پێکهێنا و سەرۆکایەتی لیژنەکەی دایە دەست ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید.
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کرد.
 
ئینفانتینۆ پشتگیری خۆی بۆ ڤینی لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵمەتی رەگەزپەرستان دووپاتکردەوە، ئاشکرایکرد فیفا لیژنەیەکی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی دروستدەکات و سەرۆکایەتی لیژنەکەش دەداتە ڤینیسیۆس جۆنیۆر.
 
سەرۆکی فیفا ئاشکرایکرد، ڤینیسیۆس پێشەوایەتی ئەو لیژنەیە دەکات کە لێکۆڵینەوە لە سزای نوێ بەسەر رەگەزپەرستان لە یاریگەکانی تۆپی پێ دەدەن.
 
ئەوەشی گوت، کە لە رێگەی ئەو لیژنەیە و پێشنیازەکانییەوە سزای ئەو کەسانە تووندتردەکرێن کە رەگەزپەرستی لە یاریگەکانی تۆپی پێ، دژ بە یاریزانان بەکاردەهێنن.
 
ئینفانتیۆ ئەوەشی گوت کە وەک فیفا ناتوانن چاوپۆشی لە رەگەزپەرستی لە جیهانی تۆپی پێدا بکەن و ویستوویەتی لە نزیکەوە قسە لەگەڵ ڤینیسیۆس بکات لەبارەی ئەو بابەتەوە.
 
پێشتر لە چەندین یاریی یانەی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵی لالیگا، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی یانەکە رووبەڕووی دروشمی رەگەزپەرستی و پەلاماردانی نامرۆیی بووەوە و لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیادا کێشەکە بەتەواوی تەقییەوە پاشئەوەی هاندەرانی ئەو یانەیە، ڤینییان بە مەیموون ناوبرد.
 
پێشتر حکومەتی ئیسپانیا و بەرازیل و یاریزانە گەورەکانی جیهان پشتگیری خۆیان بۆ ڤینیسیۆس لە دژی رەگەزپەرستی دەربڕیبوو.
 
سەرۆکی فیفا گوتی، ئەو بڕیارانەی لیژنەکەی ڤینیسیۆس دەیانخاتە بەردەمی فیفا، کاتێک بوونە بڕیار، لە هەموو دامەزراوەکانی پەیوەست بە دونیای تۆپی پێ، لەسەرانسەری جیهاندا جێبەجێ دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە