ڤیدیۆ؛ مۆدریچ هەڵبژاردەی کرواتیای گەیاندە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ

رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی کرواتیا سەرکەوتنێکی دراماتیکی بەسەر هۆڵەندادا بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ.
 
لە یەکەم یاریی لە قۆناخی پێش کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپادا، هەڵبژاردەی هۆڵەندا لەسەر لە یاریگای فاینۆرد میوانداری هەڵبژاردەی کرواتیای کرد و تیپی میوان بە ئەنجامی 4-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
سەرەتای دۆنێل مالین لە خولەکی 34 هۆڵەندای خاوەن ماڵی بە گۆڵێک پێشخست و نیوەی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات،
 
لە نیوەی دووەمدا کرواتییەکان زۆر بەهێز دەستییانپێکرد و ئەندرێ کراماریچ لە خولەکی 55 بە لێدانی سزا گۆڵی یەکسانبوونی بۆ کرواتیا تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 72 ماریۆ پاسالیچ گۆڵی دووەمی بۆ تیپی میوان تۆمارکرد.
 
لە کاتێکدا یارییەکە بەرەوە کۆتایی دەچوو، نوا لانگ لە خولەکی 6ـی زیادکراودا گۆڵی یەکسانبوونی هۆڵەندییەکانی تۆمارکرد و یارییەکەی بردە دوو نیوەی زیادکراو،
 
لە خولەکی 8ـی نیوەی یەکەمی زیادکراودا، برونۆ پێتکۆڤیچ بە لێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزاوە گۆڵی سێیەمی بۆ کرواتیا تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمی زیادکرا و لە خولەکی 115ـدا لوکا مۆدریچی باشترین یاریزانی یارییەکە، بە لێدانی سزا، گۆڵی چوارەم و سەرکەوتنی بۆ کرواتیا تۆمارکرد و بلیتێکی یاریی کۆتایی بەدەستهێنا، کە بەرامبەر براوەی یاریی ئەمڕۆی نێوان ئیتاڵیا و ئیسپانیا ئەنجامی دەدات.