ئۆزێل هێشتا دڵی لای هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە

15-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مەسعود ئۆزێل هەڵبژاردەی ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو دیجیتال

مەسعود ئۆزێل، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، هیوای بەختێکی باش بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەخوازێت، لە یەکەم یارییدا لە یۆرۆی 2020.

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە یارییەکی ئاگرینی یۆرۆدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

ئۆزێل کە ماوەی 3 ساڵە واز‌هێنانی خۆی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاندووە، جارێکی دیکە نیشانیداوە کە دڵی هێشتا لای هەڵبژاردەی مانشافتە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی بێزاری و بە تووڕەبوونەوە ریزەکانی ئەو هەڵبژاردەیەی جێهێشت، کە بەقسەی خۆی بەهۆی گرتنی وێنەیەک لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە رووبەڕووی رەخنە و رەگەزپەرستی بووەتەوە.

ئۆزیل لە رێگەی تویتەرەکەیەوە نووسیویەتی "بەختێکی باش بۆ تیپەکە لە یەکەم یاریی خۆی لە یۆرۆدا بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا".

ئۆزێلی تەمەن 32 ساڵ، هەروەها نووسیویەتی "کۆمەڵەکە زۆر زەحمەتە، بەڵام بە سەرەتایەکی باش هەموو هەموو ئەگەرەکان دێنە ئاراوە، ئاگاداری ئەو پیاوەبن، بنزیما".

دوای ئەم تویتەی ئۆزێل، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە وەڵامیدا نووسیویەتی "سوپاس بۆ تۆ مەسعود ئۆزێل".

مەسعود ئۆزێلی براوەی مۆندیالی 2014 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لەدوای مۆندیالی 2018 وازی لە یاریی نێودەوڵەتی هێنا، کاتێک هەڵبژاردەکەیان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دەرکرا و ئەوکات زۆر رەخنە ئاراستەی ئۆزێل کران، گوایە وێنەیەکی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا گرتووە و درێسێکی بەدیاری پێداوە و لە سەری نووسیوە "بۆ سەرۆکەکەم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە