زیدان ئابڕووی یاریزانانی ریال مەدرید دەبات

15-06-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن زیدان
A+ A-

رووداو - هەولێر

وێڕای سەرکەوتنیان بەسەر ئیبار بە 3 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، زینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە سەرجەم یاریزانانی یانەکەی زۆر توڕەبووە و بەتوندی سەرکۆنەی کردوون.

رۆژنامەی مارکا ئاشکرایکردووە لە دوای یارییەکە، زیدان لە ژووری جلگۆڕین کۆبوونەوەی تایبەتی بە یاریزانانی یانەکەی کردووە و بەشێوەیەکی زۆر توند لێیان توڕە بووە، لەسەر ئاستیان لە گێمی دووەمی یارییەکەدا. سەرکۆنەی هەمووانی کردووە لەسەر پاشەکشەی ئاستیان لە یارییەکەدا. ئەو توڕەبوونەی زیدان یاریزانەکانی دووچاری شۆک کردووە.

 

لە یارییەکەی ئیباردا کە لەسەر یاریگەی دی ستیڤانۆ بەڕێوەچوو، ریال مەدرید لە گێمی یەکەمدا بەئاستێکی باشەوە دەرکەوت و سێ گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام لە گێمی دووەمدا بەهۆی ئاستی خراپی یاریزانەکانییەوە، گۆڵێکی لێکرا و نزیکبوو لەوەی ئەنجامەکە یەکسان ببێتەوە.

بەپێی مارکا زیدان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پاش یارییەکەدا، توڕەیی خۆی شاردووەتەوە، بەڵام ئاماژەیەکی بە دۆخی ناو ژووری جلگۆڕین داوە و گوتویەتی: گێمی یەکەم باشبووین لە هەموو روویەکەوە، بەڵام گێمی دووەم ئاستمان دابەزی.

ئەوە جاری یەکەم نییە لە وەرزی ئەمساڵدا ئاستی یاریزانانی ریال مەدرید لە گێمی دووەمدا خراپ دەبێت. پێشتر لە یاری بەرامبەر یانەکانی لیڤانتی و گرانادا هەمان سیناریۆ دووبارە بووبوونەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە