ریال مەدرید بۆ یاری ڤالێنسیا ئەستێرەیەکی لەدەستدەدات

رووداو - هەولێر

سەرچاوەیەکی نزیک لە مەشقەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هەڵوێستی سێ ئەستێرە پێکراوەکەی یانەکەی بۆ یاری داهاتووی ئاشکراکرد.

لە یاری رابردوویاندا بەرامبەر ئیبار، هەرسێ یاریزانی یانەی ریال مەدرید، ئیدین هازارد، سێرخیۆ رامۆس و دانی کارفاخال تووشی پێکانی ماسوولکەیی بوون، کە پێدەچێت پێکانی دووانیان سووک بێت و پێکانی یەکێکیشیان پێویستی بە چارەسەرێکی درێژتر بێت.

پێنچشەممەی داهاتوو، کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە میانەی گەڕی 29ـی لالیگادا، لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی ڤالێنسیا دەکات.

ئەو سەرچاوەیە لەباری هەڵوێستی ئەو سێ یاریزانە بۆ بەشداریکردن لە یارییەکەی ڤالێنسیادا، دەڵێت "رامۆس لە رانی راستی هەستی بە ئازار کردووە، هازاردیش لێدانێکی بەر پاژنەی پێی کەوتووە، هەروەها کارفاخالیش لە پاژنەی پێیدا هەستی بە ئازارکردووە، کە بەهۆیەوە لە نیوەی یەکەمدا یاریگەی جێهێشت".

هەروەها دەڵێت "رامۆس و هازارد پێکانەکەیان زۆر سووک بووە و هەردووکیان بۆ یاری ڤالێنسیا ئامادە دەبن، بەڵام سەبارەت بە کارفاخال ئەگەری زۆر هەیە نەتوانێت بەشداری لەو یارییەدا بکات، چونکە پێکانەکەی پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ چاکبوونەوە".

ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات، کە کارفاخال سەرچاوەی ترسی زینەدین زیدانی راهێنەرە، چونکە ناچۆی یەدەگیشی بەهۆی پێکانەوە ناتوانێت یاری بکات و دەڵێت "لەوانەیە زیدان ناچاربێت لەجیاتی کارفاخال پشت بە میلیتاو ببەستێت".