یاریزانێكی عێراقی چووە خولی توركیا


رووداو – هەولێر

هومام تاریق یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆڵمپیی عێراق و یانەی جەوییە، پەیوەندیی بە یانەی بوڕسا سپۆری توركیاوە كرد.

ئەو یاریزانە بە مێدیاكانی راگەیاندووە، بە شێوەیەكی فەرمی پەیوەندی بە یانەی بوڕسا سپۆری توركیاوە كردووە و مەشقەكانی هەڵبژاردەی ئۆڵمپیی عێراقی لە شاری بارسیلۆنای ئیسپانیا جێهێشتووە بۆ واژووكردنی گرێبەستەكەی.

هومام لە پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئۆڵمپیی عێراقە، كە ئێستا لە بارسیلۆنا كەمپێكی مەشقییان ئەنجامداوە بە مەبەستی خۆئامادەكردن بۆ ركابەرییەكانی تۆپی پێ لە ئۆڵمپیادی ریۆی 2016، كە لە ئابی داهاتوو لە بەڕازیل دەكرێت.

هومام ئاماژەی بەوەداوە، كارگێڕیی یانەی جەوییە رەزامەندییان لەسەر پەیوەندیكردنی بە یانەكەی توركیا دەربڕیوە و لارییان نییە.

هومام تاریق، كە یاریزانی ناوەڕاستە و خاوەن تەكنیكی بەرزی یاریكردنە، دوو ساڵ لەمەوبەر لە خولی ئیماراتیش وەكو یاریزانێكی پیشەگەر یاریی كردووە.
یانەی بوڕسا سپۆر یەكێكە لە یانەی باشەكانی توركیا و لە وەرزی رابردوودا لە پلەی دەیەمی ریزبەندیدا گیرسایەوە.

هاوكات ماڵپەڕی سپۆر ئێسكی توركیا هەواڵەكەی پشتڕاستكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، كە هومام پەیوەندی بە بوڕسا سپۆرەوە دەكات و لە رۆژانی داهاتووی نزیكیشدا یانە توركییەكە بە فەرمی گرێبەستەكە رادەگەیەنێت.