رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەربەست لەبەردەم گرێبەستێکی یانەی بارسێلۆنا دروستدەکات، لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا.
لە ماوەی چەند هەفتەیەکی رابردوودا، دەنگۆی پەیوەندیکردنی چاڤی سیمۆنز، یاریزانی لاوی یانەی پاریس سانجێرمان کە ئێستا بەخواستن یاری بۆ لایپزیگ دەکات بە یانەی بارسێلۆناوە میدیای ئیسپانیای بەخۆیەوە سەرقاڵکرد.
بارسێلۆنا کێشەی دارایی هەیە و بەهۆی خراپی دۆخی یانەکەوە بیر لەوە دەکاتەوە، ئەو یاریزانە بەشێوەی خواستن لە پاریس سانجێرمان بباتە ریزەکانی یانەکە.
رۆژنامەی سپۆرت لە پێشهاتێکی نوێدا دەڵێت "کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان رەتیکردووەتەوە لە گواستنەوەی هاوینەدا بەخواستن دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببن، یان ئەوەتا بەیەکجاری یاریزانەکە دەفرۆشن یانیش دەبێت یاریزانەکە لەگەڵ تیپەکە بەردەوامبێت.
میدیای فەرەنسا دەڵێت "لویس ئێنریکێ، راهێنەری پاریس سانجێرمان داوای گەڕاندنەوەی یاریزانەکەی کردووە و دەیەوێت لە وەرزی نوێدا سوود لە تواناکانی ئەو یاریزانە وەربگرێت."
لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا کیلیان ئێمباپێ لە یانەی پاریس سانجێرمان دەڕوات، چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، سیمۆنز یەکێک لەو یاریزانانەیە یانەکە چاوەڕێی ئاستێکی بەرزی لێ دەکات و دەیەوێت بیکاتە ئەستێرەی داهاتووی تیپەکە.
ئەمە جاری یەکەم نییە پاریس سانجێرمان بەربەست دەخاتە بەردەم گرێبەستەکانی یانەی بارسێلۆنا، پێشتریش هەریەکە لە ئەدریان رابیۆ، تیاگۆ سیلڤا و مارکۆ ڤێراتی دەیانویست لە پاریس سانجێرمانەوە بچنە ئەو یانەیە، بەڵام کارگێڕیی یانە فەرەنسییەکە رازی نەبوو و هیچ یەکێک لەو یاریزانانە پەیوەندییان بە بلاوگراناوە نەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ