باوکی ئێمباپێ بە تەلەفۆن داوایلێبوردن لە سەرۆکی ریال مەدرید دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

ماڵپەڕی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی لە راپۆرتێکدا، ئاشکرایکردووە کە ویلفرێد، باوکی کیلیان ئێمباپێ، پەیوەندی بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، بۆ ئەوەی داوای لێبوردنی لێبکات بەهۆی رووداوێکەوە کە لە هاوینی 2022 روویداوە، پاڵەوانەکەی کوڕەکەی بووە، ئەستێرەی پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
 
دیفێنسا سێنتڕاڵ، کە زۆر بایەخ بە هەواڵەکانی ریال مەدرید دەدات، رایگەیاند کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید ئەو گورزەی لەبیر نەکردووە کە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان دوو ساڵ لەمەوبەر ئاراستەی کردبوو، چونکە نزیکبوو رێککەوتنێک بکرێت بۆ ئەوەی یاریزانە فەرەنسییەکە بچێتە ریزەکانی مێرینگێ، بەڵام ئێمباپێ خۆی لە کارگێڕیی ریال مەدرید دزییەوە و گرێبەستەکەی لە پاریس نوێکردەوە.
 
ویلفرێدی باوکی کیلیان ئێمباپێ، هەوڵیدا دۆخەکە رزگاربکات، کاتێک پەیوەندی بە سەرۆک پێرێزەوە کرد بۆ ئەوەی داوای لێبوردنی لێبکات بەهۆی رەفتارەکەی کیلیان کە ئەوکات بە "رەفتارێکی گەمژانە" وەسفی دەکرد.
 
کیلیان ئێمباپێ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان راگەیاند، هەرچەندە شوێنی داهاتووی خۆی رانەگەیاندووە، بەڵام هەموو سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوینی داهاتوو درێسی یانە شاهانەکەی ئیسپانیا لەبەردەکات.
 
سەرەڕای گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەو ئەستێرە بەنێوبانگەی فەرەنسی، پێناچێت فلۆرێنتینۆ ئەو شۆکەی تێپەڕاندبێت، کاتێک هەمووان چاوەڕێی راگەیاندنی گرێبەستی کیلیان بوون لەگەڵ ریال مەدرید، پێش ئەوەی لە یاریگەی پارک دی پرێنس لە دەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەر و پێشبینینەکراودا گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ پاریس بۆ ماوەی دوو ساڵ واژۆکرد.
 
سەرچاوەکە دووپاتیدەکاتەوە کە ویلفرێد ئێمباپێ دانی بەوەداناوە کە ئەوەی روویداوە کارێکی گەمژانە بووە لەلایەن خێزانەکەی و هەروەها کوڕەکەیەوە، و بە پێرێزی گوتووە "هەڵەیەکی گەمژانەمان کرد بە گرێبەستکردن لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە ساڵی 2022 سەرەڕای ئەوەی ئێمە نزیکبووین لە رێککەوتن لەگەڵ ریال مەدرید. هیوادارین پێکەوە لاپەڕەیەکی نوێ بکەینەوە".