مان سیتی دەست بۆ دەماری سەرکەوتنەکانی ریال مەدرید دەبات

15-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی دەیەوێت گورزێکی گەورە لە یانەی ریال مەدرید بدات و کار بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین کەسایەتییەکانی دەکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "یانەی مانچێستەر سیتی هەوڵدەدات گرێبەست لەگەڵ ئەنتۆنیۆ پینتۆس، راهێنەری توانای جەستەیی یانەی ریال مەدرید بکات، بۆ ئەوەش دەستەوارەیەکی گرانبەهای پێشکێشدەکات کە نەتوانێت رەتیبکاتەوە."
 
ماڵپەری لیبەرتاد دیجیتاڵ هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "راهێنەر و دەستەی راهێنەرایەتیی یانەی مانچێستەر سیتی لەنێویاندا خوانما لیلۆ و کارلۆس ڤیسەنسی یاریدەدەرانی پێپ گواردیۆلا، فێران سۆریانۆی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکەیان رازیکردووە بۆ ئەوەی هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ پینتۆس دەستپێبکات."
 
ئەنتۆنیۆ پینتۆس، راهێنەری توانای جەستەیی یانەی ریال مەدریدە، تەمەنی 61 ساڵە، ئەمە جاری دووەمە وەکو راهێنەری یانەکە کاردەکات، پێشتر لە 2016 تاوەکو 2019 لەگەڵ زینەدین زیدان راهێنەرایەتیی یانەکەی کردووە، دوای ئەوە پەیوەندیی بە یانەی ئینتەرمیلانەوە کرد، پاشان لە 2021 گەڕایەوە نێو پێکهاتەی تیپی تۆپی پێی یانەکە.
 
پینتۆس یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ریال مەدرید و هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو یەکێکە لە نهێنییە هەرە سەرەکییەکانی سەرکەوتنەکانی ریال مەدرید و بەهێزیی یاریزانەکانی لە رووی توانای جەستەییەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە