ڤیدیۆ؛ مێسی تووشی پێکان بووە

رووداو دیجیتاڵ

 

هێشتا گومان لەوە دەکرێت لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بەشداری لە یاریی ئەمجارەی ئینتەرمەیامی بکات، بەهۆی پێکانێک کە لە یاریی رابردوویاندا تووشی بووبوو.
 
بەرەبەیانی سبەی کاژێر 02:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ئینتەرمەیامی لە چوارچێوەی گەڕی سیانزدەمی خولی نایابی ئەمریکیدا دەبێتە میوانی ئۆرلاندۆ سیتی.
 
لە یاریی رابردوودا بەرامبەر مۆنتریال، لە گێمی یەکەمدا مێسی تووندوتیژی بەرامبەر کرا و لە دەرەوە چارەسەری بۆ کرا، ئەگەرچی یارییەکەی تەواوکرد، بەڵام وادیاربوو تووشی کێشەیەک بووە.
 
یاریزانە ئەرجەنتینییە تەمەن 36 ساڵییەکە، لە چەند رۆژی دوای یارییەکەدا بەشداری مەشقێکی سووکی کرد، دواتر رۆژی سێشەممە بەتەواوی بەشداری مەشقەکانی نەکرد.
 
یانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لە مەشقەکەدا بەشداری نەکردووە، چونکە دانیشتنێکی هەڵسەنگاندنی پزیشکی هەبووە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئامادەیە بەشداری لە مەشقەکان و یارییەکەدا بکات یان نا.
 
خافێر مۆرالێس، یاریدەدەری راهێنەری ئینتەرمەیامی، لەو بارەیەوە گوتی "مێسی ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردن لە مەشقەکانی دووەم، و دەبینین کە لە کاتی مەشقەکاندا چۆن هەست دەکات، دوێنێ مەشقێکی سووکی کردووە، و هەستی بە هەندێک ئازار کردووە لە ئەژنۆیدا، بەڵام با بزانین بارودۆخی چۆن دەبێت".