ئێرلینگ هالاند.. پیاوی ریکۆردەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجی و یانەی مانچێستەر سیتی لەسەر سەرکردایەتیکردنی یانەکە و تۆمارکردنی ریکۆردی نوێ.
 
لە یاریی بەرامبەر تۆتێنهام، هالاند بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ هاوکاریی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکی گرنگ و گەڕاندنەوەی تیپەکە بۆ پێشەنگی ریزبەندی خولی ئینگلتەرا، بەمەش رکابەریی بردنەوەی نازناوی خولەکەی بردە گەڕی کۆتایی خولەکە.
 
ئێرلینگ بە تۆمارکردنی ئەو دوو گۆڵە، ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەی خولەکەدا بۆ 27 گۆڵ بەرزکردەوە و پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە و نزیکە بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک ببێتە گۆڵکاری پرێمەرلیگ.
 
جگە لەوە بەو دوو گۆڵەی لەو یارییەدا تۆماریکرد، هالاند ژمارەی گۆڵەکانی بەدرێسی مانچێستەر سیتی لە پرێمەرلیگدا گەیاندە 63 گۆڵ و پێش یایا تورێ کەوت، بەمەش بووە چوارەم گۆڵکاری مێژووی یانەکە لە خولەکەدا.
 
هالاند پێویستیی بە 5 گۆڵی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بگاتەوە کیڤن دیبرۆین، کە بە جیاوازیی 5 گۆڵ لەپێش ئێرلینگ هالاندە.
 
گۆڵکاری مێژووی یانەی مانچێستەر سیتی لە پرێمەرلیگدا، سێرجیۆ ئەگوێرۆیە و خاوەنی 184 گۆڵە، رەحیم ستێرلینگ لە پلەی دووەمی ریزبەندە بە تۆمارکردنی 91 گۆڵ.
 
هالاند بەشێوەیەکی گشتی بەدرێسی مانچێستەر سیتییەوە 96 یاریی ئەنجامداوە، 90 گۆڵی تۆمارکردووە، 15 ئاسیستی کردووە و 5 نازناوی بردووەتەوە و لە ئەگەری مانەوەی بۆ ماوەیەکی زیاتر لە یانەی مانچێستەر سیتی، هەلێکی گەورەی لەپێشە بۆ ئەوەی زۆرینەی ریکۆردەکانی یانەکە بە ناوی خۆیەوە بکات.
 
مانچێستەر سیتی بەبردنەوە لە تۆتێنهام، گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگ، لە گەڕی کۆتاییدا بەرامبەر وێستهام یاریی دەکات، بەبردنەوەی یارییەکەیان لەو یانەیە، راستەوخۆ بۆ جاری چوارەم لەسەریەک نازناوی پرێمەرلیگ لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلادەکەنەوە.