ئەنچێلۆتی ستایشی بەهرەمەندەکانی ریال مەدرید دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید ستایشی یاریزانە لاوەکانی یانەکەی دەکات و دەڵێت "ریال مەدرید لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی ئەفسانەیی."
 
دوای بردنەوە گەورەکەیان بەرامبەر یانەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر، کارلۆ ئەنچێلۆتی لەبارەی چەند پرسێکەوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
لەبارەی یاریزانە بەهرەمەندەکانی یانە؟ راهێنەری یانەکە گوتی "بەڵێ، ئەم تیپە پڕە لە بەهرەی سەرسوڕهێنەر و نایاب، ژمارەیەک یاریزانی لاومان هەیە کە خاوەنی بەهرەیەکی گەورەن، لە راستیدا تیپەکە لەبەردەم هەلی دروستکردنی پێکهاتەیەکی ئەفسانەییدایە بە سوود وەرگرتن لەو بەهرانەی ئێمە هەمانە.
 
دوای ئەوە پرسیار لەبارەی گەڕانەوەی کۆرتوا لە پێکان و دۆخی یانەکە بەر لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کرا، کارلۆ لە وەڵامدا گوتی "بەشێوەیەکی زۆرباش یارییکرد، زۆربەباشی بەرەوپێشەوە دەچێت، هەروەها میلیتاویش لە یارییەکەدا هەردووکیان زۆرباش بوون و لە باشترین دۆخی خۆیاندا بوون، لە راستیدا هەردووکیان بۆ رۆژی 1ـی حوزەیران ئامادەدەبن، تیپەکە بەشێوەیەکی گشتی لە دۆخێکی باشدایە، هەروەها پاڵنەری گەورەی هەیە، دینامیکییەکی زۆرباش لە ژووری جل گۆڕیندا هەیە، هێشتا چەند رۆژێکمان ماوە بۆ یاریی کۆتایی، ئێستا پێویستیمان بە پشووە، بۆ ئەوەی بەباشی بۆ یاریی کۆتایی ئامادەبین."
 
داهاتووی یاریزانە گەورەکان بەتایبەت تۆنی کرووس تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دیارنییە، میدیا و هاندەران چاوەڕێن زانیارییان لەبارەوە دەستبکەوێت، بۆیە ئەو پرسیارەش لە ئەنچێلۆتی کرا و ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە : یانەکە دوو دڵ نییە، من دوو دڵ نیم، هەروەها تۆنی کرووسیش دوو دڵ نییە، ئامانجی ئێمە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگە، ئەوە گرنگ نییە، شتەکە تاوەکو دوای یاریی کۆتایی بەلای ئێمەوە گرنگ نییە، ئەگەر خەڵک بەلایەوە گرنگە بیزانێت، ئەوا دوای یاریی کۆتایی قسەی لەبارەوە دەکەین، ئێستا هەموو بیرکردنەوەمان لای یاریی کۆتاییە و دەمانەوێت بیبەینەوە.
 
ریال مەدرید دوو یاریی لە رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی لالیگادا ماوە، یاریی داهاتووی بەرامبەر ڤیاریالە، دوای ئەوەش رووبەڕووی ریال بێتیس دەبێتەوە، رۆژی 1-6-2024 لە لەندەن بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکات.