رۆمانۆ: بارسێلۆنا هەرگیز دەستبەرداری بیرۆکەی گەڕاندنەوەی لیۆ نابێت

رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرت رایگەیاندووە، یانەی بارسێلۆنا هەرگیز دەستبەرداری بیرۆکەی گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی، کاپتنی پێشووی بلاوگرانا نابێت بۆ ریزەکانی تیپەکەی، لە وەرزی داهاتوودا.
 
لیۆنێل مێسی، دوو ساڵ لەمەوبەر بەرەو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رۆیشت، دوای ئەوەی کارگێڕی بارسا پێیڕاگەیاند کە بەهۆی قەیرانی دارایی و یاسای یاریی خاوێنەوە ناتوانێت گرێبەستە نوێیەکەی تۆماربکات.
 
ماوەی گرێبەستەکەی مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە 30ـی حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی دێت، پاڵەوانی جامی جیهانی لەگەڵ ئەرجەنتین نایەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە نوێبکاتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاندەرانی ئاڵتراس لەم ماوەیەی دواییدا زۆر فیکەیان بۆ لێدا.
 
بەپێی گوتەی پسپۆڕی بازاڕی گواستنەوەی سکای سپۆرت، فابریزیۆ رۆمانۆ، کە لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، نووسیویەتی "بارسێلۆنا هەرگیز دەستبەرداری گرێبەستی مێسی نابێت".
 
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "پێداگیرییەک لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە هەیە بۆ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن دەستەی لالیگاوە بۆ ئەم گرێبەستە".
 
رۆمانۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەوانەیە گرێبەستەکە بە دەستبەرداربوون لە دوو یاریزان بکرێت، کە دەبنە قوربانی، ئەوانیش ئانسۆ فاتی و فێران تۆرێسن، سەرەڕای ئەوەی هەردووکیان ئارەزووی مانەوەیان هەیە، بەڵام لەوانەیە ئەو قەیرانە داراییەی کە بارسێلۆنا بەدەستیەوە دەناڵێنێت، ناچاریان بکات بڕۆن.