لاپۆرتا لەبارەی مێسییەوە قسەی کۆتایی کرد

15-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لەسەر هەواڵی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بۆ بارسا لە هاوینی داهاتوودا، قسەی خۆی کرد و دووپاتیکردەوە کە لە بەرنامەی کاریاندایە، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی جیهان بگەڕێننەوە بارسێلۆنا.
 
لاپۆرتا لە لێدوانەکانیدا کە رۆژنامەی سپۆرت و رادیۆی کەتەلۆنیا بڵاویانکردووەتەوە، دانی بەوەدا نا کە قسەی لەگەڵ مێسی کردووە و گوتی "لەگەڵ لیۆ قسەم کرد بۆ ئەوەی شتەکان رێکبخەمەوە، دوای ئەوەی ناچاربووم دامەزراوەکە بخەمە پێش هەموو شتێکەوە، تەنانەت پێش باشترین یاریزانی جیهانیش".
 
سەرۆکی بارسێلۆنا زیاتر گوتی "بەم دواییە پەیامم لەگەڵ مێسی ئاڵوگۆڕ کرد، گفتوگۆکەش گەرموگوڕ و خۆش بوو، پیرۆزباییم لێکرد بەبۆنەی بردنەوەی مۆندیال، ساڵانێکی زۆرە یەکدی دەناسین، پەیوەندیش لەنێوانماندا هەیە".
 
سەرۆکی بارسا لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "ئێمە دەمانەوێت مێسی بگەڕێتەوە بۆ بارسێلۆنا، بەڵام ئێمە بە ژمارەی گەورەوە جوڵە ناکەین بۆ ئەوەی بیهێنینەوە، یانەکە لە چوارچێوەی پلانێکی خۆپارێزیدا کاردەکات".
 
خوان لاپۆرتا، درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی "کاردەکەین بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا تیپێکی زۆر رکابەری دروست بکەین، با بزانین پلانە داراییە نوێیەکەمان لەلایەن دەستەی لالیگاوە پەسەند دەکرێت یان نا".
 
سەرۆکی بلاوگرانا، بەردەوام بوو لە قسەکانی و روونیکردەوە "ئێمە دەمانەوێت لالیگا سەرەتای نازناوی زیاتر بێت و دڵخۆشی بۆ بارسێلۆنا بگەڕێنێتەوە، ئێمە زۆر دڵخۆشین بە تیپەکەمان، بەڵام باوەڕمان وایە دەتوانرێت باشتر بکرێت، خولەکە ئامانجی ئێمە بوو، ساڵی داهاتووش دەیکەین و بەردەوام دەبین لە کارکردن لە هەموو پاڵەوانێتییەکان، ئێمە ئەوە دەکەین بە ئامانجی بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ".
 
لاپۆرتا ئاماژەی بەوەشکرد "مێسی لە پاریس بەدەست هەندێک بارودۆخی ناخۆشەوە دەناڵێنێت لەگەڵ هاندەراندا، منیش نامەوێت بێزاری بکەم، لیۆ بارسێلۆنای خۆشدەوێت، کەس گومانی لەوە نییە".
 
ئەو گوتیشی "بارسێلۆنا بارسێلۆنایە. ماڵی مێسییە. بارسێلۆنا دەتوانێت رکابەری سعودیە و هەموو ئەوانەی دیکە بکات کە دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ مێسی بکەن".
 
لە بەشێکی قسەکانیدا، سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە، دووپاتیکردەوە "ئێمە نامانەوێت سەرقاڵی قسەکردن لەسەر ژمارە گەورەکان بین، چونکە ئەوە دەبێتە پاشەکشە بۆ یانەکەمان، نابێت ئەم بابەتە دووبارە بکەینەوە، نە لەگەڵ مێسی و نە لەگەڵ هیچ کەسێکی دیکە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە