خۆشترین هەواڵ بۆ هاندەرانی ریال مەدرید گەیشت

 
رووداو دیجیتاڵ

هەواڵێکی خۆش گەیشتە هاندەرانی یانەی ریال مەدرید، بەر لەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یانەی مانچێستەر سیتی یاریی بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە کاژێر 22:00 لە یاریگەی ئیتیحاد یانەی ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی یارییدەکات، دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر یانەی خێتافی ئێدوارد کاماڤینگا، تووشی پێکانبوو ترسێکی زۆر لای هاندەرانی یانەی شاهانە دروستبوو کە بەشداری لە یارییەکەدا نەکات.
 
ریال مەدرید ئەمڕۆ درێژەی بە ئامادەکارییەکانیدا و ئەوەی هاندەران چاوەڕێی بوون بینرا، کاماڤینگا بەشێوەیەکی ئاسایی راهێنان دەکات و خۆی بۆ یارییەکە ئامادەدەکات.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "کاماڤینگا هەست بە باشی دەکات و لەنێو هۆڵی وەرزشی و یاریگەشدا مەشقی کردووە و بە تۆپەوە راهێنانی کردووە، سبەی بەشداری لە مەشقە بە کۆمەڵەکاندا دەکات و هیچ پێکانێکی نییە."
 
ئەم هەواڵە بۆ هاندەرانی ریال مەدرید جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە، بەتایبەت کە یاریزانەکە لە هێڵی بەرگری ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و کارلۆ ئەنچێلۆتی، بەشێوەی سەرەکی پشتی پێدەبەستێت.
 
دوای یارییەکەی بەرامبەر خێتافی، کارلۆ ئەنچێلۆتی دڵنیایی دایە هاندەرانی ریال مەدرید و گوتی "یاریزانەکە تەمەنی 20 ساڵە، بەرکەوتنێکی ئاسایی بووە و بۆ رۆژی چوارشەممە هەمووان بەتەواوی ئامادەدەبن."
 
یاریی چوونی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی، لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە و ئەوەی یارییەکەی چوارشەممە بباتەوە دەگاتە یاریی کۆتایی.