ئامۆژگاریی گواردیۆلا بۆ یاریزانانی سیتی، بەر لە یارییەکەی ریال مەدرید

15-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی ریال مەدرید چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، دڵخۆشیی خۆی بەسەرکەوتنی نوێی تیپەکەی لە پرێمەرلیگ بەرامبەر یانەی ئێڤرتۆن بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر دەربڕی.
 
سیتی بەتەواوی لە نازناوی ئەمساڵی پرێمەرلیگ نزیکبووەتەوە، هەفتەی داهاتوو بەرامبەر چێڵسی یارییدەکات و بردنەوەی ئەو یارییە، جارێکی دیکە مانچێستەر سیتی دەکاتەوە بە پاڵەوانی ئینگلتەرا.
 
پاش سەرکەوتنەکەی نێو گۆدیسۆن پارک، پێپ لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەرکەکەمان لێرە قورس بوو کاتێک بینیمان بەر لە ئێمە ئێڤرتۆن پێنج گۆڵی لە برایتن تۆمارکرد و هەر لە خولەکی سەرەتاوە هێرشبەرییانە دەستیپێکرد، ئێمە یارییەکەمان بە هەند وەرگرت، ئاستێکی نایابمان پێشکێشکرد. دوو بردنەوەی دیکەمان ماوە بۆ ئەوەی ببینە پاڵەوان".
 
پێپ لەبارەی ئێڤرتۆنەوە گوتی، "ئەوان لە قووڵاییدا بەرگرییان کرد، گۆڕانیان لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبەری ناوازە بوو. ئەوان باشترین تیپی ئەوروپان لەو دۆخ گۆڕینەدا. بەڵام ئێمە کۆنترۆڵی یارییەکەمان کرد و ئارامبووین و رووبەرەکانمان قۆستەوە".
 
لەبارەی درەوشانەوەی گۆندۆگان و تۆمارکردنی دوو گۆڵەوە، لەگەڵ دەرکەوتنی بەباشترین ئاستەوە لە ماوەی رابردوودا، راهێنەری سیتی دەڵێ "گەیشتنی ئەو بە ناوچەی سزای تیپی بەرامبەر کارێکی گرنگە".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "هەموو جارێک کە یارییەک دەبەینەوە، هێزمان دەداتێ بۆ یاریی داهاتوومان و زووتر چاکدەبینەوە".
 
راهێنەری مانچێستەر سیتی، قسەی لەبارەی یارییەکەی ریال مەدریدەوە کردووە کە رۆژی چوارشەممە لە یاریی گەڕانەوەی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەڕێوەدەچێت، ئەو لەبارەی ئەو قسەیەوە کە دوای یارییەکەی ئێڤرتۆن بە یاریزانەکانی گوتووە، دەڵێ "چییان پێ بڵێم؟ پێمگوتن هەوڵبدەن پشوو وەربگرن، هەر ئەوە بکەن کە لە ماوەی چوار، پێنج ساڵی رابردوودا کردووتانە".
 
یاریی یەکەمی نێوان ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی، بە یەکسانبوونی هەردوو یانە بە گۆڵێک کۆتایی هاتووە. مانچێستەر سیتی چاوی لەوەیە بەبردنەوە لە ریال مەدرید، بگاتەوە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە