لە سانجێرمان وەرزی کۆچە بەرەو دەرەوەی فەرەنسا


رووداو دیجیتاڵ

شکست و کێشە کارگێڕییەکانی ئەمساڵی پاریس سانجێرمان، پێدەچێ لە کۆتاییدا یانەکە بەرەو گۆڕانکاری گەورە و هەوڵدان بۆ بەڕێکردنی چەندین یاریزانی یانەکەی لێبکەوێتەوە.
 
سانجێرمان کە هاوینی رابردوو بەئومێدی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، یان لانیکەم گەیشتن بە دواقۆناخەکانی پاڵەوانێتییەکە، گۆڕانکاری گەورەی کرد و تەنانەت راهێنەر و راوێژکاری وەرزشیی نوێی بۆ یانەکە دەستنیشانکرد، لە کۆتاییدا هیچی بەدەستنەهێنا و وەک وەرزەکانی پێشوو بە رکابەر لەسەر نازناوی خولی نێوخۆی فەرەنسا مایەوە، ئەو نازناوەشی بەدڵنیایی تەواوەوە بەدەستنەهێناوە تاوەکو ئێستا.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، کارگێڕیی سانجێرمان بڕیاری خۆی بۆ گۆڕانکاری گەورە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێکهاتەی تیپەکەی یەکلاکردووەتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، گۆڕانکارییەکانی سانجێرمان بەئامانجی داڕشتنەوەی تیپ و پێکهاتەیەکە لە چواردەوری کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یەکەمی یانەکە. لەو پێناوەشدا چەندین یاریزان لە ریزەکانی یانەکە دەڕۆن.
 
لیستی ئاشکراکراو لەلایەن میدیاکانی فەرەنساوە بۆ بەجێهێشتنی سانجێرمان، بڵاوکراوەتەوە، بەپێی سەرچاوەکان، نەیمار داسێلڤا، یەکەمین ناوە کە سانجێرمان بیر لە فرۆشتنی دەکاتەوە.
 
نەیمار گەرچی یەکەمینی ئەو ئەستێرانەبوو کە لەسەرەتاکانی گەشەسەندنی پڕۆژەی قەتەرییەکان لە یانەکە، روویان لە سانجێرمان کرد و بووە هۆکار بۆ هاتنی یاریزانانی دیکەش، بەڵام لە ساڵانی یارییکردنی لەگەڵ یانە پاریسییەکە، نەیتوانی ببێتە یاریزانی نمرە یەک لەسەر ئاستی ئەوروپا، هەروەها نەیتوانی پاریس سانجێرمان بگەیەنێتە سەر سەکۆی نازناوی چامپیۆنزلیگ.
 
نەیمار کە ئێستا لە چارەسەروەرگرتنە بەهۆی پێکانێکی درێژخایەن کە دووچاری بووە، لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی هێرشی هاندەرانی ناڕازیی سانجێرمان بووەوە کە لەبەردەم ماڵەکەیدا لە پاریس کۆبوونەوە و داوای رۆیشتنی ئەو یاریزانەیان لە یانەکە دەکرد.
 
یاریزانێکی دیکە لە لیستی یاریزانە بەڕێکراوەکانی سانجێرمان، ئەشرەف حەکیمییە. ئەو یاریزانەی ساڵانێکی کەمی باشی لە سانجێرمان هەبوو، بەڵام ئەمساڵ لە نێو گێژاوی دابەزینی ئاستیدایە.
 
حەکیمی، لە دوو یاریی لەسەریەکدا کارتی سووری وەرگرتووە لە خولی فەرەنسا. ئەمە نیگەرانیی هەمووانی لە یانە پاریسییەکە لێکەوتووەتەوە، تەنانەت کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەکە، وەرگرتنی کارتی سووری یەکەمی لەلایەن حەکیمییەوە بە هەڵەیەکی گەمژانەی یاریزانەکەی ناوبرد.
 
هەندێک سەرچاوە دەڵێن، سانجێرمان دەیەوێت حەکیمی لە یانەکە بڕوات، چونکە پێیانوایە ئەو یاریزانە بەهۆی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ، هۆکاربووە بۆ دابەزینی ئاست و فۆکەس لەدەستدانی ئێمباپێ لە یارییەکاندا.
 
پێشتر هەندێک سەرچاوەی نزیک لە ئەشرەف حەکیمی ئاشکرایانکردبوو ئەو یاریزانە حەزدەکات بگەڕێتەوە ریال مەدریدی ئیسپانی، بەڵام پێناچێ ریال مەدرید هیچ هەنگاوێکی کردەیی بەو ئاراستەیە بنێت.
 
رۆژنامەی 'لو پاریزیان'ی فەرەنسی لای خۆیەوە ئاشکرایکردووە، قوربانییەکی لەسەداسەدی وەرزی کۆچ لە سانجێرمان، مارکۆ ڤێراتی، یاریزانی ناوەڕاستی یانەکە دەبێت.
 
رۆژنامەکە گوتوویەتی، ئەگەرچی گرێبەستی ڤێراتی تاوەکو هاوینی 2026ە، بەڵام یانەکە دەیەوێت ئەو یاریزانە بڕوات.
 
بەپێی بۆچوونی کارگێڕیی سانجێرمان، ڤێراتی خراپترین وەرزی هەبووە لەگەڵ یانەکەدا، لەوکاتەوە پێش 11 ساڵ رووی لە پاریس کردووە. سانجێرمان پێیانوایە ڤێراتی لە رووی توانای جەستەیی و فۆکەسی نێو یاریگە و زۆر لایەنی دیکەوە پاشەکشەی گەورەی کردووە و ئێستا کاتی فرۆشتنی هاتووە.
 
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، یاریزانە ئیتاڵییەکە بووەتە جێگەی بێئومێدیی بۆ بەرپرسانی سانجێرمان، کاتێک لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا پاش وەرگرتنی پشوو گەڕایەوە مەشقەکان و پێیەوە دیاربوو کە کێشی زۆر زیادی کردووە.
 
'لو پاریزیان' ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ڤێراتی خاوەنی یەکێک لە مووچە هەرە بەرزەکانی نێو یانەکەیە، بەڵام بەدرێژایی وەرزی ئەمساڵ تەنیا دوو ئەسیستی هەبووە و ئەوەش لەگەڵ تواناکانی ئەو یاریزانە و مووچە گەورەکەیدا ناگونجێت.
 
ڤێراتی یەکێکبوو لەو یاریزانانەی سانجێرمان کە لە خۆپێشاندانی ئەڵتراسی پاریس لە هەفتەکانی رابردوودا، رووبەڕووی رەخنە و جنێوی هاندەران بووەوە و هاندەرەکان داوای رۆیشتنیان لە یانەکە کرد.