نەیمار و پاریس بیر لە جیابوونەوە دەکەنەوە

15-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نەیمار پاریس سانجێرمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بیر لە دەستبەرداربوون لە نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی دەکاتەوە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوو.
 
میدیای فەرەنسا دەڵێت "نەیمار بەتەواوی ئەو بیرۆکەیەی لا دروستبووە کە جارێکی دیکە بەدرێسی پاریس سانجێرمانەوە یاریی نەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە چوونە بەردەم ماڵەکەی و لە دژی یاریزانەکە فیکەیان لێدا."
 
رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی نووسیوویەتی "یاریزانە بەرازیلییەکە بە هاوڕێ نزیکەکانی راگەیاندووە پەیوەندییەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و نایەوێت لە یانەکە بەردەوام بێت."
 
یاریزانە 31 ساڵە بەرازیلییەکە ئامادەیە لە پاریس سانجێرمان بڕوات و بیر لەو گرێبەستانە بکاتەوە کە لە هاویندا پێشکێشی دەکرێن.
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە بەئەگەری زۆرەوە داهاتووی نەیمار لە خولی ئینگلتەرا دەبێت، بەتایبەت کە یانەی نیوکاسل و چێڵسی بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە دەکەنەوە.
 
پاریس سانجێرمان بە دەستبەرداربوون لە نەیمار پارەیەکی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە، بەتایبەت کە مووچەی یاریزانەکە بەرزە و ساڵانە دەگاتە 38 ملیۆن دۆلار.
 
نەیمار داسیلڤا بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە و لەنێو پەیژەکانەوە سەیری یارییەکانی یانەکەی دەکات، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت و لە بەندێکی گرێبەستەکەیدا هەیە کە دەتوانێت تاوەکو 2027 گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام زۆر زەحمەتە یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە بەردەوام بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە