بارسێلۆنا پاڵەوانە.. ریال مەدرید پیرۆزبایی دەکات و لاپۆرتاش باسی مێسی دەکات

15-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بارسێلۆنا
بارسێلۆنا
نیشانەکردن بارسێلۆنا پاڵەوانی لالیگا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا نازناوی خولی تۆپی پێی ئیسپانیای بۆ وەرزی 2023-2022 بردەوە، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر ئیسپانیۆل بەدەستهێنا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 34ـی خولەکەدا، بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆل یارییکرد، یانەی میوان دێربیی کەتەلۆنیای بردەوە و نازناوی خولەکەی بەر لە چوار گەڕ لە کۆتاییهاتنی خولەکە یەکلاکردەوە.
 
دوای 11 خولەک یارییکردن رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، گۆڵێکی بۆ بارسا تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست، دوای 9 خولەک لەو گۆڵە ئەلێخاندرۆ بالدێ کە گۆڵی یەکەمی دروستکرد، ئەمجارە گۆڵی تۆمارکرد و بارسێلۆنا بووە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە پێنج خولەک، لیڤاندۆڤسکی گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی بلاوگرانای تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا کۆتاییهات، کە ئەمە یەکەمجارە لەم وەرزەدا یانەکە لە نیوەی یەکەمدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سێ گۆڵ بکات.
 
لە نیوەی دووەمدا هێرشەکانی بارسا بۆ سەر گۆڵی خاوەن یاریگە بەردەوامبوون، لە خولەکی 53 ژول کوندێ، بەرگریکاری بارسێلۆنا گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد و یانەکەی زیاتر لە بردنەوەی نازناوەکە نزیککردەوە.
 
لە خولەکی 73 خاڤیێر بوادۆ گۆڵێکی بۆ ئیسپانیۆل تۆمارکرد، خوسێلۆش لە خولەکی 90 گۆڵی دووەم، بەڵام بێ سوود بوو و یانەکە لە یاریگەی خۆیدا سێ خاڵی لەدەستدا و زیاتر لە دابەزین بۆ خولی پلە یەکی ئیسپانیا نزیکبووەوە.
 
بارسێلۆنا بەم بردنەوەیە بەفەرمی چوار گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی خولەکە، نازناوی لالیگای لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و بۆ جاری 27ـەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوان.
 
دوای یارییەکە چی روویدا؟
 
دوای یارییەکە یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا لەنێو یاریگەی پاوەر 8ـی یانەی ئیسپانیۆل بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی لالیگا ئاهەنگیان گێڕا، بەڵام هاندەرانی یانەی ئیسپانیۆل ئەمەیان پێ قبوڵ نەکرا و ژمارەیەکی زۆریان هاتنە نێو یاریگە و ئاهەنگی یاریزانانی بارسێلۆنایان تێکدا، یاریزانانی پاڵەوانی لالیگاش بەخێراییەکی زۆر لە ترسی هاندەرانی ئیسپانیۆل گەڕانەوە ژووری جل گۆڕین، بەڵام لە رێڕەوی چوون بۆ ژووری جل گۆڕینیش شەڕ و ئاژاوە لەنێو یاریزان روویدا.


 
هەڵوێستی ئیسپانیۆل چییە؟
 
دوای ئەم رووداوانە یانەی ئیسپانیۆل راگەیێنراوێکی فەرمیی بڵاوکردەوە و نیگەرانیی خۆی لەبەرامبەر روودانی ئەو رووداوە پێشاندا.
 
ئیسپانیۆل لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "بەداخەوەین بۆ ئەوەی روویدا، دۆڕاندنەکە بۆ ئێمە بە ئازار بوو، بەڵام ئێمە توندووتیژی بەهەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و دژی ئەوەین کە روویداوە."
 
سێرخیۆ بوسکێس، یاریزانی بارسێلۆنا لەبارەی ئەو رووداوەوە قسەیکرد و گوتی "ئەوەی روویدا شەرمەزارییەکی گەورەیە."

 

"کاتی ئاهەنگگێڕانە"
 
دوای یەکلاکردنەوەی نازناوی لالیگا، چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئێمە زیاتر لە 10 مانگمان لە کارکردن و قوربانیدان بەڕێکرد، کارێکی بڕواپێنەکراو لەلایەن یانەکە و هاندەرانەوە کراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە کە پڕۆژەکە ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت و پێویستە لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوامبین."
 
راهێنەری بارسێلۆنا زیاتر قسەیکرد و گوتی "بە یارییەکی زۆرباش بەرامبەر ئیسپانیۆل نازناوەکەمان یەکلاکردەوە، چوار گۆڵمان تۆمارکرد، بەڵام ئارامبووین، لە کۆتاییدا لە دێربییدا نازناوەکەمان بەر لە 4 یاری یەکلاکردەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە ئاهەنگ بگێڕین."
 
چاڤی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ئەو رووداوانەی لە دوای یارییەکە روویاندا دەڵێت "ئاهەنگگێران شتێکی ئاساییە، کۆنتڕۆڵکردنی کاردانەوەی هاندەران کارێکی قورس بوو، بۆیە بە یاریزانەکانم گوت کاتی ئەوەیە بگەڕێنەوە ژووری جل گۆڕین."
 
لەبارەی ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو چاڤی بە رۆژنامەڤانانی گوت "کاتی پێویستمان لەبەردەمە بۆ ئەوەی پلان دابڕێژین، ئەوەی پێویست بوو لەسەر ئاستی ئەوروپا نەمانکردووە، پێویستە بیر لە باشکردنی تیپەکە بکەینەوە و تیپێکی بەهێز و رکابەرمان هەبێت."

 
"هەموو شتێک دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی مێسی"
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی لالیگا پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەکەی دەکات و دەڵێت "هەموو شتێک دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی مێسی."
 
لاپۆرتا دوای یەکلاکردنەوەی نازناوی لالیگا گوتی "ئەمە شەوێکی مێژووییە، خولێکی مێژووییە، ئەمە بەرهەمی ماندوو بوون و کارکردنێکی گەورەیە، پێویستە پیرۆزبایی لە یاریزانان، راهێنەران، دەستەی هونەری و هەموو ئەوانە بکەین کە کاریانکردووە، ئێمە ئێستا پاڵەوانین."
 
سەرۆکی بارسێلۆنا دەڵێت "یانەکەمان لە رووی داراییەوە رزگارکرد، تەندروستی و ئارامیمان گەڕاندەوە، خۆشیمان بۆ هاندەران گەڕاندەوە، دەمانەوێت ئەمە یەکەم نازناوی سەردەمێکی نایاب بێت."
 
پرسیاری مێسی لە سەرۆکی بارسێلۆنا کرا و ئەو گوتی "بەڵێ قسە لەبارەی ئەوەوە دەکەین و هەرچییەک پێویست بێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەنجامی دەدەین."
 
ریال مەدرید پیرۆزبایی لە بارسێلۆنا دەکات
 
دوای بردنەوەی نازناوی لالیگا و یەکلاکردنەوەی خولەکە لە بەرژەوەندی خۆی، یانەی ریال مەدریدی رکابەری هەمیشەیی یانەکە پیرۆزبایی بردنەوەی نازناوەکە لە یانە کەتەلۆنییەکە دەکات.
 
ریال مەدرید لە توویتێکدا نووسیوویەتی "پیرۆزە لە بارسێلۆنا، پاڵەوانی خولی 2023-2022."

 
ئاهەنگگێران تاوەکو بەرەبەیان
 
بەبۆنەی بردنەوەی نازناوەکە، هاندەرانی بارسێلۆنا لە دوای تەواوبوونی یارییەکە راستەوخۆ رژانە سەر شەقامەکانی شاری بارسێلۆنا و تاوەکو بەرەبەیان بەیەکەوە ئاهەنگیان گێڕا.
 
هاندەرانی بارسێلۆنا لە ئاهەنگەکەیاندا هاوار دەکەن مێسی مێسی، وەک ئاماژەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، کە ماوەیەکی زۆرە ناوی یاریزانەکە بە یانەکەوە بەستراوەتەوە و گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان مانگێک و 15 رۆژی ماوە کۆتایی بێت.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە