چاوەڕوانی کۆتاییهات.. کیلیان ئێمباپێ بڕیارە گەورەکەی دەدات

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا رایانگەیاند، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی پاریس سانجێرمان نزیکە لە بڕیاردان لە داهاتووی خۆی.
 
ماوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ یانەی پاریسی لە هاویندا کۆتایی دێت و دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە، چونکە چەندین دەستەوارەی ئەو یانەیەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت بچێتە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە خەونی منداڵیەتییەتی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەرپرسانی یانەی پاریسی دەستبەرداری هیواکانیان نەبوونە و بەردەوام هەوڵیاندایە بۆ رازیکردنی کیلیان بە مانەوە لە پاریس.
 
بە گوێرەی میدیاکانی مەدرید، یاریزانە فەرەنسییەکە لە رۆژانی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی دەدات لەبارەی داهاتووی خۆی و دەڵێن "چەند رۆژی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن بۆ ئێمباپێ، کە دەیەوێت دوا دانوستاندن و راگۆڕینەوە لەگەڵ خزم و نزیکەکانی بکات، بەر لەوەی دوایین بڕیاری خۆی بدات و بەئاشکرا رابگەینێت کە لە پاریس دەمێنێتەوە یان دەچێتە ریال مەدرید.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە ئێمباپێ لەم چەند رۆژەدا پلانی خۆی دادەنێت و کاتی راگەیاندنی بڕیارەکە دیاریدەکات و تەنانەت شێوازی ئاشکراکردنی بڕیارەکەی و چۆنیەتی ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاندەرانیش دیاری دەکات.
 
تەنانەت هەندێک لەو راپۆرتە رۆژنامەڤانیانە بەدیاریکراویتر دەڵێن "ئێمباپێ هەفتەی داهاتوو بڕیارەکەی رادەگەینێت". دەشڵێن "ئەگەری رۆیشتن بۆ ریال مەدرید زۆرترە لە ئەگەری مانەوەی لە پاریس سانجێرمان".
 
بەر لە چەند رۆژێک هەندێک لە میدیاکان باسیان لەوە کرد کە کێشە کەوتووەتە نێوان ئێمباپێ و دانوستانکارانی ریال مەدرید، بەهۆی پاداشتی واژۆکردن و مافی وێنە تایبەتەکانی یاریزانەکە، بەڵام رۆژنامەکانی مەدرید دووپاتی دەکەنەوە کە هیچ کێشەیەک لەو بارەیەوە لە ئارادا نییە.
 
ئەگەرچی لەم هاوینەدا ئێمباپێ بەئاشکرا داوای لە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان کرد کە رێگەی پێبدەن بڕواتە ریال مەدرید و بەرپرسانی ئەو یانەیەش بەفەرمی لەسەر ئەو پرسە دانوستاندنیان لەگەڵ یانەی پاریسی کرد، ریال مەدریدیش ئامادەیی نیشاندا کە 150 تاوەکو 200 ملیۆن یۆرۆ لە بەرامبەر گواستنەوەی ئێمباپێ بداتە پاریس سانجێرمان، بەڵام دەرئەنجام یاریزانەکە لە یانەی خۆی مایەوە.
 
کاروانی كيليان ئێمباپێ لەگەڵ پاريس سانجێرمان:
 
2017 بەشێوەی خواستن لە یانەی مۆناکۆی فەرەنسییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمانەوە کرد.
2018 بەرامبەر بە 145 مليۆن يۆرۆ، بەیەکجاری بووە یاریزانی پاریس سانجێرمان.
4 نازناوی خولی فەرەنسای لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەدەستهێناوە.
3 نازناوی جامی فەرەنسای لەگەڵ پاریس سانجێرمان بردووەتەوە.
3 جار بووەتە گۆڵکاری خولی فەرەنسا.
3 جار بووەتە باشترین یاریزانی خولی فەرەنسا.