بەهۆی پێنەدانی ڤیزاوە ئەگەری هەیە گەنجێکی کورد لە مۆندیالی 2022 بێبەش بێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی دانیشتووی ناحیەی رزگارییە لە قەزای خەباتی هەولێر، دوای ئەوەی فۆرمی خۆبەخشیی بەشداریکردن لە مۆندیالی 2022ی قەتەر پڕ دەکاتەوە، لەلایەن فیفاوە ناوەکەی هەڵدەبژێردرێت و وەک کوردێک دەتوانێت بەشداری بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی قەتەر لە عێراق باڵیۆزخانە، کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی نییە، ئێستا بەدەستهێنانی ڤیزای ئەو وڵاتە بووەتە بەربەستی گەورەی بەردەمی. 
 
غائیب کەریم، خۆبەخشی وەرگیراو بۆ مۆندیالی 2022ی قەتەر بە رادیۆی رووداوی گوت: "پێشتر بۆ مۆندیالی 2018ی رووسیایش فۆرمم پڕ کردەوە، بەڵام ناوم نەهاتەوە، چونکە دەبوو زمانی رووسی بزانیت و، منیش نەمدەزانی، بەڵام ئەم جارەیان فۆرمەکەم پڕکردەوە و ناوم  هاتەوە، چونکە زمانی عەرەبی زۆر باش دەزانم و لە ئینگلیزییشدا باشم."
 
غائیب کەریم گوتی: "ئێستا من یەک کێشەم هەیە، ئەویش ئەوەیە کە 29ی ئەم مانگە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کاژێر 02:40ی دواینیوەڕۆ لەوێ چاوپێکەوتنی رووبەڕووم هەیە، بەڵام لە عێراق ڤیزای قەتەر نییە. ئێستا من ڤیزای قەتەرم دەست ناکەوێت. پێویستم بەوەیە کەسێک هاوکاریم بکات."
 
ئەو گەنجە کوردە باس لەوە دەکات کە بەدەستهێنانی ڤیزای قەتەر دەبێتە هۆی بەدیهاتنی خەونەکەی. ئەو کە دەستی لە خەونەکەی بەرنەداوە، لەو پێناوەدا تەلەفۆنی بۆ باڵیۆزخانەی قەتەر لە تاران کردووە، بەڵام بە گوتەی خۆی پێیان گوتووە: "دەبێت بێیتە ئێران و مۆڵەتنامەی نیشتەجێبوونی ئێران وەربگریت ئینجا ڤیزات دەدەینێ. بۆ تورکیایش هەر وایە."
 
غائیب کەریم گوتی: "ئێستا من بانگهێشتنامەیەکی فیفام بۆ هاتووە، تەنیا بگاتە لای کۆنسوڵی قەتەر لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە، بە دڵنیاییەوە ڤیزام دەدەنێ. داوا دەکەم هاوکاریم بکرێت بۆ ئەوەی ئەو ڤیزایە بە دەست بهێنم." 
 
خۆبەخشە کوردەکەی فیفا ئەوەی خستەڕوو کە ئەو فۆرمەی پڕیکردووەتەوە 21 قۆناخە کە هەر دوو مانگ جارێک ئیمەیڵێکی بۆ دەنێردرێت کە دەبێت ئەو 21 قۆناخە ببڕێت. ئەو ئێستا لە قۆناخی 15یەمدایە لە بەشی 9. 
 
غائیب کەریم گوتی: "قۆناخەکانی دیکە ئەوەن کە دەتبەنە هەر هەشت یاریگەکەی قەتەر لەوێ راهێنانت پێدەکەن و دەبێت 10 رۆژ لە قەتەر بمێنمەوە." 
 
بە گوتەی غائیب، خۆبەخش دەتوانێت هەموو کارێک بکات، وەکو تۆپهێنانەوە، پاسەوانی رۆژنامەنووسان، پاسەوانی راهێنانەکان، چاودێریکردنی کەمئەندامان و زۆر کاری دیکەیش. ئەگەر لە خۆت راببینیت و ئامادە بیت بڕۆیت، دەبێت هەمووی هەڵبژێریت.
 
ئاماژەی بەوەیش دا، فیفا خۆی خەرجیی خۆبەخشەکان دەکێشێت و گوتی: "کە بچیتە قەتەر لەوێ فیفا پارەی تیکتی فڕۆکەکەیشت دەداتەوە. دوای ئەوەی جامی جیهانی تەواو ببێت، خۆبەخش دەبێتە ئەندامی فیفا. ئەو کاتە دەتوانیت لە هەموو چالاکییەکانی فیفادا بەشداری بکەیت."
 
غائیب کەریم لە دایکبووی 1992ە. لە هەولێر لە سەنتەری ئوردنی بۆ چاو کارمەندە و دەرچووی زمانی عەربییە.