ئەمشەو گرنگترین یاریی ئەم وەرزەی لیگ وەن بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ لە خولی فەرەنسا، گرنگترین یاریی ئەم وەرزەی لیگ وەن ئەنجام دەدرێت، کاتێک پاریس سانجێرمانی یەکەمی خولەکە لەسەر یاریگەی پارک دی پرانس میوانداری لانس دەکات کە دووەمی ریزبەندییە و رکابەری راستەوخۆی یانەی پاریسییە.
 
یانەکەی پایتەخت 69 خاڵی هەیە و لانسیش 63 خاڵ، کەواتە بردنەوەی ئەم یارییە بە 6 خاڵە، چونکە پاریس بباتەوە جیاوازییەکە دەبێتە 9 خاڵ و پاریسییەکان تا راددەیەک دەتوانن بڵێن ئێمە پاڵەوانی لیگ وەنین، بەڵام ئەگەر لانس بباتەوە، جیاوازییەکە دەبێتە تەنیا 3 خاڵ و ئەوکات رکابەرییەکە زۆر تووند دەبێت.
 
پاریس سانجێرمان دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگ دەرکرا و پێشتریش لە جامی فەرەنسا دەرکراوە، تەنیا خولی بەدەستەوە ماوە و بە هەر نرخێک بێت دەبێت بیباتەوە، چونکە بێجگە لە سەرکەوتن، لەوانەیە ئەو یانەیە کە پڕە لە ئەستێرەی جیهانی، لەسەرووشیانەوە لیۆنێل مێسی و کیلیان ئێمباپێ، رووبەڕووی تووڕەیی جەماوەرەکەی ببێتەوە و دەرئەنجامەکەش خراپ و نەخوازراو بێت.
 
ئەمڕۆ مێسی و ئێمباپێ بە بێ نەیمار کە بەدەست پێکانەوە دەناڵێنێت، هەوڵدەدەن گرنگترین یاریی ئەم وەرزەیان ببەنەوە و لانیکەم دڵی جەماوەرەکەیان و خۆشیان بە بردنەوەی نازناوی لیگ وەن خۆش بکەن.