مانچێستەر یونایتد گورزێکی گەورەی بەرکەوت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی گورزێکی گەورەی بەرکەوت، یەکێک لە ئەستێرە کاریگەرەکانی یانەکە تاوەکو کۆتایی وەرز لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
مانچێستەر یونایتد لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، ئەم وەرزە بۆ لیساندرۆ مارتینێز، بەرگریکاری ئەرجەنتینی و یانەکە کۆتاییهات، بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاریی بەرامبەر سێڤییا لە یۆرۆپالیگدا تووشی بوو.
 
مارتینێز لە یارییەکەدا تووشی پێکانێکی قورس بوو و بە ناچاری گۆڕانکاریی پێکرا، یانەکە دووپاتیدەکاتەوە کە یاریزانەکە چیدیکە لە یارییەکانی ئەم وەرزەدا یاریی ناکات.
 
پێکانی لیساندرۆ لەکاتێکدایە، یانە ئینگلیزییەکە بەهەمان هۆکارەوە رافایێل ڤاران و مارکۆس راشفۆردیشی لەدەستداوە، بەرگریکارە فەرەنسییەکە چەند هەفتەیەک دووردەکەوێتەوە و راشفۆردیش وادەی گەڕانەوەی دیار نییە و مەترسی هەیە کە چیدیکە ئەو یاریزانەش نەتوانێت لەم وەرزەدا یاریی بکاتەوە.
 
مانچێستەر یونایتد لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگدا، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا کەوتە داوی یەکسانبوون و بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک لەگەڵ سێڤییا یەکسانبوو، لە یاریی گەڕانەوەدا ئەرکی قورس دەبێت، کاتێک لە یاریگەی رامۆن سانچێز پیزخوان بەرامبەر یانە ئیسپانییەکە یارییدەکات.