شورتە چاوی لە یەکەم سەرکەوتنی چامپیۆنزلیگە

رووداو دیجیتال 

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، یانەی شورتە لەنێو یاریگەی شاری وەرزشیی شا عەبدوڵڵا لە سعوودیە رووبەڕووی یانە دحێلی قەتەری دەبێتەوە.

شورتە خاوەن نازناوی دوو وەرزی رابردووی عێراق، بەسەرپەرشتی ئەلیکساندەر ئالیتچی راهێنەری سربی ماوەی چوار رۆژە لەنێو ئامادەکارییەکی چڕدایە لە سعوودیە بەهیوای نووسینەوەی یەکەم سەرکەوتن. 

ئەمساڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، رێکاری زۆر تووندی بەرامبەر بە بەشداربووانی گرتووەتەبەر، بەشێوەیەک سەرجەم یانە بەشدارەکان لەژێر چاودێری پزیشکی کەرەنتین کراون لە هۆتێلەکان، تەنیا کاتی راهێنان و یارییەکاندا بۆیان هەیە بچنە یاریگەکان، بۆ ئەوەی شاندی یانەکان دووربن لە مەترسی کۆرۆنا.

هاشم رەزا، بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی یانەی شورتە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "سوپاس بۆ خوا راهێنانەکانمان زۆر باشن و لە حاڵەتی  کەرەنتین و خۆپارێزیداین لە سعوودیە، بەهەموو شێوەیەک بۆ یارییەکە ئامادەین، هەر چەندە هەندێک یاریزانانمان تووشی پێکانی سووک بوون، بەڵام گەڕاونەتەوە بەتایبەت ئەمجەد عەتوان و محەممەد قاسم". 

یانەی شورتە لە کۆمەڵەی سێیەمی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیادا ململانێی یانەکانی دحێلی قەتەری، ئیستقلالی ئێرانی و ئەهلی سعودی دەکات. 

رەزا زیاتر گوتی "ورەمان بەرزە و یاریزانەکان چاوییان لە نمایشکردنی دیمەنی راستەقینەی تۆپی پێی عێراق و ناوبانگی یانەکەمانە، ئێمە دەمانەوێت دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین، لەبەرئەوەی خاوەن زۆرترین ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراقین و ئەم یارییە دەرفەتە کە یاریزانەکان ئاستی بەرزی خۆیان پێشکەش بکەن". 

یانەی شورتە لە 1932 دامەزراوە، یانەیەکی جەماوەری شاری بەغدایە و وەرزی رابردوو بەشداری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای کرد، بەڵام لە قۆناخی کۆمەڵەکان ماڵئاواییکرد.

هەر ئەمڕۆ لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن : 

هیلالی سعودی - ئەجمەک ئۆزبەکستانی
ئیستقلال دوشنبە تاجیکستانی - شەباب ئەهلی دوبەری ئیماراتی 
ئیستقلالی ئێرانی - ئەهلی سعودی