خولی نایابی کوردستان.. برایەتی و پێشمەرگەی هەولێر یاری لووتکە ئەنجام دەدەن

رووداو دیجیتال 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، یارییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆتایی خولی یانە نایابەکانی کوردستان، بە ئەنجامدانی سێ یاری لەسەر یاریگە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن. هەموو یارییەکان کاژێر 15:00 دەستپێدەکەن.

یانەی برایەتی بە ورەیەکی بەرزەوە دەچێتە نێو تاقیکردنەوەیەکی قورس، لەبەرئەوەی برایەتی یاریی یەکەمی بە سەرکەوتنی خۆی تەواوکردووە، بەڵام لەم یارییەدا بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر یاریی دەکات، کە خاوەن دوو نازناوی خولەکەیە و یاریی یەکەمی دۆڕاندووە، وا چاوەڕوان دەکرێت یارییەکی پڕ ململانێ بێت. 

مەحموود مەجید، راهێنەری یانەی برایەتی، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "یارییەکە ئاسان نییە و پێشمەرگەی هەولێر خاوەن پێکهاتەیەکی بەهێزە، بەڵام ئامادەکارییەکی باشمان کردووە و متمانەم بە یاریزانانەکانم هەیە کە نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولی کوردستان ببەینەوە".

لە شاری سلێمانی یانەی سیروانی نوێ میوانداری یانەی هەندرێن دەکات، سیروانی نوێ دەیەوێت درێژە بدات بە ریتمی سەرکەوتنەکانی و نزیکبوونەوەی لە بردنەوەی یەکەم نازناوی خولی نایانی کوردستان بۆ پایتەختی رۆشنبیری.

لە گەرمیان یانەی شێروانە و یانەی زاخۆ لە پێناو بردنەوەی 3 خاڵ دەجەنگن، یانەی زاخۆ دەیەوێت برینی دۆڕانی رابردووی سارێژ بکات و شێروانەش هەموو هیوایەکی دڵخۆشکردنی هاندەرانیەتی.


یارییەکانی ئەمڕۆ:

برایەتی - پێشمەرگەی هەولێر15:00
شێروانە - زاخۆ 15:00
سیروانی نوێ - هەندرێن 15:00