دیێگۆ سیمیۆنی ژیانی لە یاریزانەکانی تاڵ کردووە

15-04-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دیێگۆ سیمیۆنی ئاتلێتیكۆ مه‌درید
A+ A-

رووداو - هەولێر

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە دیێگۆ سیمیۆنیی راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، لە کاتی کەرنتینەشدا ئەوپەڕی پابەندبوونی خۆی نواندووە و رێگەی نەداوە یاریزانەکانی لە ماڵی خۆشیاندا بحەسێنەوە.

وەک لەو راپۆرتەدا هاتووە، سیمیۆنی لە کاتی کەرنتینەی یاریزانەکانی، کە بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، زیاتر لە مانگێکە خولەکانی تۆپی پێ و هەموو چالاکییە وەرزشییەکان راگیراون، پلانێکی زۆر قورسی بۆ یاریزانەکانی داناوە و رۆژانە چاودێرییان دەکات، بۆ ئەوەی بەتەواوی پابەندبن و تووشی تەمبەڵی نەبن.

مۆندۆ لەو بارەوە دەڵێت "دیێگۆ سیمیۆنی سیمیۆنی لە ماڵەوە کۆنترۆلی هەموو شتێکی بەدەستەوەیە، بە جی پی ئێس چاودێری یاریزانەکانی دەکات لە ماڵەکانیان و پێویستە رۆژانە هەر یاریزانێک مەشقەکانی توانای جەستەیی لە ماڵەکەیدا بکات و سیمیۆنی بزانێت چیکردووە".

ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە سیمیۆنی بەردەوام چاودێری یاریزانەکانی دەکات و دەزانێت بارودۆخی توانای جەستەییان چۆنە و دەڵێت "سیمیۆنی رۆژانە بەشێوەی ئۆنلاین وانەی تاکتیکی بە یاریزانەکانی دەدات".

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە، هەروەها دەڵێت "سیمیۆنی لە ماڵەوە بەسوودوەرگرتن لە پزیشکانی بواری خۆراک سەرپەرشتی جۆری خواردنی یاریزانەکانیشی دەکات، بەشێوەیەک هەر یاریزانێک پێویستە لە ماڵەوە ئەو خواردنە بخوات کە پزیشکی بواری خۆراک بۆی دیاری دەکات".

ئەو سەرچاوەیە باس لەوەش دەکات، کە سیمیۆنی رێگە نادات هیچ یاریزانێکی لە ماوەی کەرەنتینەدا قەڵەو ببێت و دەڵێت "سیمیۆنی رێگە نادات یەک یاریزانی تەنیا یەک کیلۆگرامیش لە کێشی زیادبکات، چونکە دەزانێت ئەوە چ کاریگەرییەکی خراپی بەسەر ئاستی یاریزانەکەوە دەبێت".

مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا، نووسیویەتی "سیمیۆنی یاریزانەکانی بێزارکردووە و ژیانی لێ تاڵ کردوون".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە